له‌شه‌قامه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى سلێمانى ئاراسته‌ى رۆیشتنى ئۆتۆمبێل ده‌گۆڕدرێت

کانونی دووەم 22, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مرۆ 22-1-2019 له‌ دیوانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى به‌ ئامانجى که‌مکردنه‌وه‌ى لۆد و قه‌ره‌باڵغى له‌ شه‌قامه‌کانى ناوه‌ندى شاردا، سیمینارێکى تایبه‌ت به‌ پرۆژه‌ى گۆرینى ئاراسته‌ى هاتووچۆى ئۆتۆمبێل له‌ شه‌قامه‌کانى سلێمانى به‌رێوه‌چوو، له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا قائیمقامى سلێمانى و به‌رێوه‌به‌رى ئاسایش و به‌رێوه‌به‌رى گشتى هاتووچۆ و گواستنه‌وه‌ى سلێمانى و نوێنه‌رى شاره‌وانى وسه‌ندیکاى گواستنه‌وه‌ و به‌شێک له‌ که‌سانى شاره‌زاى هاتووچۆ و نوێنه‌رى چه‌ند هێڵێکى ناوشار به‌شداربوون و به‌وردى گفتوگۆیان کرد له‌باره‌ى پرۆژه‌یه‌کى تایبه‌تى به‌رێوبه‌رایه‌تى هاتووچۆى ناوشارى سلێمانى که‌ تایبه‌ته‌ به‌ گۆڕینى به‌شێک له‌ ئاراسته‌ى شه‌قامه‌کانى ناو شارى سلێمانی.


دواتر له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیشدا ئاوات محه‌مه‌د- قائیمقامى قه‌زاى مه‌ڵبه‌ندى سلێمانى رایگه‌یاند، سه‌رنج و تێبینى زۆر له‌سه‌ر پرۆژه‌که‌ وه‌رگیراوه‌ و له‌مرۆوه‌ هه‌تا کۆتایى ئه‌م مانگه‌ سه‌رنج و تێبینى هاوڵاتیان و هه‌موو لایه‌کیتر تایبه‌ت به‌ پرۆژه‌که‌ وه‌رده‌گرین و له‌ (1-2-2019)ه‌وه‌ بۆ ماوه‌ى چوار رۆژ به‌ شێوه‌ى ئه‌زموونى پرۆژه‌که‌ ئه‌خه‌ینه‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتووبوو به‌رده‌وام ئه‌بێت.
هاوکات عه‌مید فه‌ره‌یدون عومه‌ر- به‌رێوبه‌رى هاتووچۆى سلێمانى ئامانج له‌ پرۆژه‌که‌ ته‌نها که‌مکردنه‌وه‌ى قه‌ره‌باڵغى و جه‌نجاڵى شه‌قامه‌کانى ناوه‌ندى شاره‌. دواتر عه‌مید فه‌خره‌دین ئه‌مین- به‌رێوبه‌رى هاتووچۆى ناوشارى سلێمانى له‌باره‌ى ناوه‌رۆکى پرۆژه‌که‌وه‌ وتی: به‌شێوه‌ى ئه‌زموونى ئاراسته‌ى هه‌ندێک له‌ شه‌قامه‌کان ده‌گۆرین، له‌وانه‌ له‌ سلێمانى پاڵاسه‌وه‌ شه‌قامى مامۆستایان هه‌تا فلکه‌ى یه‌کگرتن به‌یه‌ک ئاراسته‌ و ته‌نها بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌ڕوات. شه‌قامى قه‌نات(حه‌مدی) ته‌نها به‌ ئاراسته‌ى فلکه‌ى یه‌کگرتن بۆ پارکى دایک به‌ یه‌ک ئاراسته‌ ده‌ڕوات. شه‌قامى پیره‌مێرد له‌ فلکه‌ى کاوه‌وه‌ ته‌نها به‌ یه‌ک ئاراسته‌ى به‌ره‌و سه‌راى سلێمانى دێت، دواتر شه‌قامى کاوه‌ به‌ یه‌ک ئاراسته‌ هه‌تا فلکه‌ى خانه‌قا و دواتر هه‌ر به‌ یه‌ک ئاراسته‌یى به‌ره‌و فلکه‌ى زاره‌که‌ ده‌ڕوان. شه‌قامى مه‌وله‌ویش، ئاراسته‌که‌ى پێچه‌وانه‌ ده‌کرێته‌وه‌ و له‌ سه‌راى سلێمانییه‌وه‌ بۆ سلێمانى پاڵاس ده‌ڕوات. شه‌قامى گۆران(ئۆرزدی) و بێکه‌س و کاک ئه‌حمه‌دى شێخ و سابونکه‌رانیش وه‌کو خۆیان ده‌مێنێته‌وه‌. وتیشی: هه‌ر به‌پێى ئه‌م پرۆژه‌یه‌ رێڕه‌وى هه‌ندێک له‌ پاسى هێڵه‌کان ده‌گۆڕدرێت و له‌ کاتى بڕیارى کۆتایى له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنى پرۆژه‌که‌ به‌ هاه‌به‌شى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کارى پێویستى بۆ ده‌که‌ین.


دواتر قائیمقامى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد له‌کاتى سه‌رنه‌که‌وتنى پرۆژه‌که‌، پرۆژه‌ى به‌دیل و ماسته‌رپلانى هاتووچۆ له‌لایه‌ن شاره‌وانى سلێمانییه‌وه‌ ئاماده‌ده‌کرێت.