له‌مه‌رزى باشماخ هاتوچۆکردنى باره‌ ترانزێته‌کان ده‌ستیپێکرده‌وه‌

کانونی دووەم 22, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌هه‌وڵى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى سلێمانى سه‌رجه‌م ئه‌و باره‌ ترانزێتیانه‌ى که‌ ماوه‌ى سێ رۆژه‌ له‌ مه‌رزى باشماخ راوه‌ستاون، داخڵى هه‌رێمى کوردستان ده‌کرێن.

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆکى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت ''دوایى ئه‌وه‌ ئێمه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانمان له‌ پارێزگاى سلێمانى و کونسوڵیه‌تى ئاگادار کرده‌وه‌ له‌و کێشه‌یه‌ حکومه‌ت هاتۆته‌ سه‌رخه‌ت و به‌ده‌م داواکاریه‌کانى ئێمه‌ وه‌ک ژوورى بازرگانى هاتووه‌، له‌ئێستادا سه‌رجه‌م ئه‌و باره‌ ترانزێتیانه‌ى ماوه‌ى سێ رۆژه‌ گیریان خواردوه‌ ده‌توانن بێنه‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌''.

سه‌رۆکى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا ''ئه‌و ٥٠ دۆلاره‌ى که‌ له‌ دیوى ئێرانه‌وه‌ له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا وه‌رگیراوه‌ به‌شێوه‌یه‌کى نایاسایى بووه‌، به‌هیچ جۆرێک نازانرێت هۆکارى وه‌رگرتنى ئه‌و پاره‌یه‌ چیه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستادا حکومه‌تى هه‌رێم بریارى داوه‌ تاکو 1-2-2019 باره‌ ترانزێتیه‌کان بێ کێشه‌ بێنه‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌، دواتر بریارێکى تریان بۆ ده‌رده‌چێت''.

سه‌رۆکى ژوور جه‌ختى له‌وه‌ش ده‌کاته‌وه‌ ''نابێت به‌هیچ جۆرێک ئه‌و 50 دۆلاره‌ له‌ بازرگانان و خاوه‌نکاران وه‌ربگیرێت چونکه‌ به‌ بڕواى ئێمه‌ وه‌ک ژوورى بازرگانى وه‌رگرتنى ئه‌و پاره‌یه‌ نایاساییه‌''.

سیروان محه‌مه‌د وتیشی:''پێوسته‌ حکومه‌تى هه‌رێم لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بکات که‌ له‌ دیوى ئێرانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت که‌ ئایا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ خه‌زێنى حکومه‌ته‌ یاخود نا''.