تورکیا: گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کان بۆ سلێمانى دووباره‌ ده‌ستپێده‌کاته‌وه‌

کانونی دووەم 23, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ و ژێرخانى تورکیا، جاهیت تورهان: "قه‌ده‌غه‌ى گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کان که‌ له‌ ساڵى 2017 دا له‌ چوارچێوه‌ى راپۆرتى فڕۆکه‌وانیى حکوومه‌تى ناوه‌ندیى عێراقدا، خرابوویه‌ سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌ى سلێمانى له‌ رێکه‌وتى ٢٥ى کانوونى دووه‌مه‌وه‌ هه‌ڵده‌گیرێت".

ئاژانسى ئانادۆڵ بڵاویکرده‌وه‌ که‌وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ و ژێرخانى تورکیا، جاهیت تورهان ئاشکرایکرد قه‌ده‌غه‌ى گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کان که‌ له‌ ساڵى 2017 دا له‌ چوارچێوه‌ى راپۆرتى فڕۆکه‌وانیى حکوومه‌تى ناوه‌ندیى عێراقدا، خرابوویه‌ سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌ى سلێمانى له‌ رێکه‌وتى 25ى کانوونى دووه‌مه‌وه‌ هه‌ڵده‌گیرێت و رایگه‌یاند "گه‌شته‌کان دووباره‌ ده‌ستپێده‌که‌نه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ هێڵى ئاسمانیى تورکى هه‌فته‌ى حه‌وت گه‌شتى ئاسمانیى له‌ نێوان ئیستانبوڵ-سلێمانی-دا ئه‌نجام ده‌دات".

جاهیت تورهان له‌ لێدوانێکدا بۆ په‌یامنێرى ئاژانسى ئانادۆڵو ئه‌وه‌ى وه‌بیرهێنایه‌وه‌ که‌ هه‌ریه‌ک له‌ فڕۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێر و سلێمانى له‌ باکوورى عێراق له‌ چوارچێوه‌ى راپۆرتێکى فڕۆکه‌وانییدا که‌ له‌ لایه‌ن حکوومه‌تى ناوه‌ندییه‌وه‌ بڵاوکرایه‌وه‌ له‌ کاتژمێر 18:00 ى رۆژى 29ى ئه‌یلوولى 2017ه‌وه‌ به‌ڕووى هاتوچۆى نێوده‌وڵه‌تییدا داخران.

تورهان باسى له‌وه‌ کرد که‌ کاره‌کانى هێڵى ئاسمانیى تورکى به‌ هۆى ئه‌و گه‌شتانه‌ى که‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ کراوه‌، راگیراوه‌ و گوتی: "وڵاته‌که‌شمان له‌ 17ى تشرینى یه‌که‌مى 2017ه‌وه‌ راپۆرتێکى فڕۆکه‌وانى بڵاوکرده‌وه‌ که‌ ته‌واوى ئه‌و گه‌شته‌ ئاسمانییانه‌ى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ که‌ له‌ کایه‌ى ئاسمانى تورکیاوه‌ بۆ ئه‌م شوێنانه‌ ئه‌نجام ده‌درا".

تورهان ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد که‌ له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنى کۆنترۆڵى فڕۆکه‌خانه‌کانى هه‌ولێر و سلێمانى له‌ لایه‌ن حکوومه‌تى ناوه‌ندى عێراقه‌وه‌ له‌ 15ى ئادارى 2018دا قه‌ده‌غه‌ى فڕین له‌ لایه‌ن به‌رپرسانى عێراقییه‌وه‌ هه‌ڵگیرا، به‌و شێوه‌یه‌ش گه‌شته‌کانى تورکیا بۆ هه‌ولێر دووباره‌ ده‌ستیپێکرده‌وه‌، به‌رده‌وامیش به‌ قه‌ده‌غه‌ى سه‌ر فرۆکه‌خانه‌ى سلێمانى درا.

هاوکات تورهان باسى له‌وه‌ کرد که‌ دواى هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانى حکوومه‌ت له‌ 25ى کانوونى دووه‌مه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ى سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌ى سلێمانیش هه‌ڵده‌گیرێت و گوتی: "گه‌شته‌کان دووباره‌ ده‌ستپێده‌که‌نه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ هێڵى ئاسمانیى تورکى هه‌فته‌ى حه‌وت گه‌شتى ئاسمانیى له‌ نێوان ئیستانبوڵ-سلێمانی-دا ئه‌نجامده‌دات".