هاورده‌کردنى مریشک قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێت

کانونی دووەم 24, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌هۆى پڕکردنه‌وه‌ى پێداویستى بازاڕه‌کانى ناوخۆ له‌لایه‌ن کێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌کانه‌وه‌ و گرنگیدان به‌ به‌رهه‌مى ناوخۆیی، بڕیار درا رێکارى پێویست بگیرێته‌به‌ر بۆ رێگرتن له‌ هاورده‌کردنى به‌رهه‌مى مرییشکى ده‌ره‌کى بۆ ناو پارێزگاى سلێمانى و هاندانى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بۆ به‌کارهێنانى مریشکى ناوخۆیی.

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 24-1-2019 له‌ دیوانى قائیمقامیه‌ت ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دیارى کردنى به‌روبومى ئاژه‌ڵى و په‌له‌وه‌رى پارێزگاى سلێمانیدا، به‌به‌شدارى نوێنه‌رى چاودێرى بازرگانى و ئاسایشى ئابورى و ڤێتێرنه‌رى و کۆمه‌ڵه‌ى گه‌شه‌پێدانى خانووى پلاستیکى و ژورى بازرگانى و هاورده‌ و هه‌نارده‌کاران کۆبوویه‌وه‌، پاش هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئاستى به‌رهه‌مهێنانى به‌روبومى ناوخۆیى بڕیاردرا پێداچونه‌وه‌ به‌بڕى ئه‌و به‌روبوم و پێداویستیانه‌دا بکرێت که‌ هاورده‌ى پارێزگاى سلێمانى ده‌کرێت.

رزگار حه‌مه‌د خدر جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى کشتوکاڵى سلێمانى رایگه‌یاند: به‌هۆى زۆربوونى پرۆژه‌ په‌له‌وه‌ریه‌کان و به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى به‌رهه‌مى ناوخۆ، هاورده‌کردنى به‌رووبومه‌ په‌له‌وه‌ریه‌کان که‌مکراونه‌ته‌وه‌ و هاورده‌ى مریشکیش له‌ سه‌ره‌تاى مانگى شوباته‌وه‌ بۆ ماوه‌ى مانگێک به‌ته‌واوى قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێت، چونکه‌ له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانیدا (750) هۆڵى په‌له‌وه‌رى هه‌یه‌ که‌ تواناى به‌رهه‌مهێنانى (25-30)ملیۆن مریشکیان هه‌یه‌.

وتیشی: به‌رێوبه‌رایه‌تى ئاسایش و بازگه‌کان ئاگادار ده‌کرێنه‌وه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک رێگه‌نه‌ده‌ن به‌ هاورده‌کردنى مریشک و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و لیژنه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانیش چاودێرى عه‌مباره‌کانى هه‌ڵگرتنى گۆشتى مریشک ده‌که‌ن.

جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى کشتوکاڵى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد که‌ له‌سه‌ر ئاستى به‌کارهێنان له‌ ناوخۆدا هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان پرۆژه‌یه‌ک ئاماده‌ ده‌که‌ن بۆ هاندانى هاوڵاتیان و چێشتخانه‌ و شوێنه‌ شتییه‌کان بۆ ئه‌وه‌ى پشت به‌ به‌رهه‌مى ناوخۆ ببه‌ستن.

رزگار حه‌مه‌د ووتیشی: له‌ بڕى به‌روبومه‌ هاورده‌کراوه‌کان ره‌چاوى زیادبوونى به‌رهه‌مى ناوخۆ و که‌مبوونه‌وه‌ى به‌کارهێنان له‌وه‌رزه‌کاندا کراوه‌، بۆیه‌ بڕیاردرا به‌ هاورده‌کردنى بڕى 800 تۆن ماسى و 500 تۆن گۆشتى سور و 510 تۆن هێلکه‌ و (5000)سه‌ر ڕه‌شه‌ وڵاخ بۆ مانگى شووبات.