نێچیرڤان بارزانى و شاندى باڵاى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریى شاهانه‌ى به‌ریتانیا کۆبوونه‌وه‌

کانونی دووەم 24, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 24 ى کانونى دووه‌مى 2019 ، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ شاندێکى باڵاى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریى شاهانه‌ى به‌ریتانى کرد که‌ پێکهاتبوون له‌ هه‌ردوو جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌ن دادوه‌ر گرۆس و خاتوو ئان ڕافێرتى و دادوه‌ر ئه‌ندرۆ هاتن به‌رپرسى مه‌شق و ڕاهێنان له‌ په‌یمانگه‌ى ‌دادوه‌ریى شاهانه‌.

له‌ دیدارێکدا که‌ به‌نگین قاسم سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریى هه‌رێمى کوردستان، به‌ختیار قازى سه‌رۆکى سه‌ندیکاى پارێزه‌رانى کوردستان و که‌ریم سنجارى وه‌زیرى ناوخۆ ئاماده‌ى بوون، شاندى میوان خۆشحاڵیى خۆیان به‌ سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ربڕى و پێشکه‌وتنه‌کانى هه‌رێمى کوردستانیان له‌ بوارى دادوه‌ریدا به‌رز نرخاند.

شاندى میوان ئاماده‌ییى خۆیان ده‌ربڕى بۆ‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریى هه‌رێمى کوردستان و پشتگیریى ڕۆڵى یاسا و دادوه‌رى و به‌هێزکردنى دادگاکانى هه‌رێم له‌ بوارى ته‌کنیکى و ڕاهێنانى دادوه‌ره‌کان له‌ ‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان، هه‌روه‌ک چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریى عێراقیش هه‌مان هه‌ماهه‌نگییان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستى به‌ڕێوه‌بردنى باشترى که‌یسه‌کانى تیرۆر و سه‌ربه‌خۆیى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و سه‌روه‌ریى یاسا له‌ هه‌رێمى کوردستان و عێراق‌.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى سه‌ردانى شانده‌که‌ى کرد و هیواى خواست ئه‌نجومه‌نه‌که‌یان به‌ هاوکارى و هه‌مانگى له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریى هه‌رێمى کوردستان کار بۆ به‌ره‌وپێشبردنى زیاترى بوارى یاسا و دادوه‌رى له‌ هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن به‌تایبه‌تى که‌ به‌ریتانیا له‌ بوارى سه‌روه‌ریى یاسا و دادوه‌ریدا‌ خاوه‌ن ئه‌زموونێکى دوور و درێژ و تۆکمه‌یه‌‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ر ئاسانکارییه‌کى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى بۆ به‌رده‌وامى و به‌هێزکردنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌کانى دادوه‌ریى نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌ریتانیاى نیشان دا.

تاوتوێکردنى دوا پێشهاته‌کانى ناوچه‌که‌ و چه‌ند بابه‌تێکى په‌یوه‌ست به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌ریتانیا له‌ بواره‌ جیاوازه‌کاندا، لایه‌نێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌ بوو.