پۆلیسی سلێمانی ئاماری چالاکییه‌کانی 23 رۆژی رابردوی ئاشکرا ده‌کات

کانونی دووەم 24, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مرۆ 24 ى کانونى دووه‌مى 2019، نه‌قیب سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د به‌رێوه‌به‌ری به‌شی راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماری کارو چالاکییه‌کانی به‌ش‌و بنکه‌کانی سه‌ر به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له‌به‌رواری 1-1-2019 تا 23-1-2019ی خسته‌رو.

نه‌قیب سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند، له‌لایه‌ن به‌شی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانه‌وه‌ 19 تۆمه‌تبار به‌پێی ماده‌ی 446 له‌یاسای سزادانی عێراقی‌و به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی چه‌ند تاوانێکی دزییکردنی جۆراوجۆر ده‌ستگیرکراون.

وتیشی: ئه‌مرۆ له‌لایه‌ن نوسینگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی به‌شی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانه‌وه‌ تۆمه‌تبارێک ده‌ستگیرکرا به‌تۆمه‌تی ته‌قه‌کردن له‌که‌سێک‌و بریندارکردنی.

هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن هێزه‌کانی پۆلیسه‌وه‌ تۆمه‌تبارێکی دیکه‌ ده‌ستگیرکراوه‌ که‌ سه‌رانه‌ی له‌هاوڵاتیان سه‌ندوه‌و له‌چه‌ند بنکه‌یه‌کی پۆلیس سکاڵای له‌سه‌ر بووه‌، له‌کاتی ده‌ستگیرکردنیدا دو رومانه‌و ده‌مانچه‌یه‌کی پێبوه‌و ده‌ستیبه‌سه‌ردا گیراوه‌.

نه‌قیب سه‌رکه‌وت رونیکرده‌وه‌ هێزه‌کانی به‌شی پۆلیسی چه‌مچه‌ماڵ 22 تۆمه‌تباری به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی چه‌ند تاوانێکی جۆراوجۆر ده‌ستگیرکردوه‌و روبه‌روی یاسای کردونه‌ته‌وه‌.

به‌رێوه‌به‌ری به‌شی راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانى راشیگه‌یاند: له‌لایه‌ن به‌شی پۆلیسی فریاکه‌وتنه‌وه‌ 125 حاڵه‌تی به‌هاناوه‌چونی هاوڵاتیانی ئه‌نجامدراوه‌. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ک تۆمه‌تبار ده‌ستگیرکراون به‌تۆمه‌تی ته‌قه‌کردن‌و هه‌ڵگرتنی چه‌کی بێ مۆڵه‌ت.

نه‌قیب سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شی وت: له‌مانگی 11ی ساڵی رابردوه‌وه‌ تا ئێستا 17 تۆمه‌تبار له‌لایه‌ن هێزه‌کانی پۆلیسی سلێمانییه‌وه‌ ده‌ستگیرکراون که‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێرو دهۆکه‌وه‌ داواکراو بون‌و دوای ده‌ستگیرکردنیان ره‌وانه‌ی پۆلیسی ئه‌و دو شاره‌ کراونه‌ته‌وه‌.