نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێکى سه‌رۆکایه‌تى تایفه‌ى سریانى ئه‌رتۆدۆکس کۆبووه‌وه‌

کانونی دووەم 25, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 25 ى کانوونى دووه‌مى 2019 ، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ شاندێکى سه‌رۆکایه‌تیى تایفه‌ى سریانى ئه‌رتۆدۆکس له‌ مووسڵ و هه‌رێمى کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تیى قه‌داسه‌تى پاتریاک مار ئه‌غناتیۆس ئه‌فرامى دووه‌م پاتریارکى ئه‌نتاکیا و ته‌واوى ڕۆژهه‌ڵات و سه‌رۆکى که‌نیسیه‌ى سریانى ئارتۆدۆکس له‌ جیهان و شاندێکى یاوه‌رى کرد که‌ له‌ ژماره‌یه‌ک مه‌تران پێکهاتبوو.

له‌ دیدارێکدا شاندى میوان خۆشحاڵیى خۆیان به‌ دیداریان له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى ده‌ربڕى و سوپاسى خه‌ڵک و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و پێشمه‌رگه‌یان کرد بۆ پاراستن و حه‌واندنه‌وه‌ و هاوکاریکردنى کرستیانان له‌ کاته‌ سه‌خته‌کاندا و ئاماژه‌یان به‌ مێژووى کرستیانان له‌ ناوچه‌که‌ کرد که‌ به‌ ئاشتى له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کانى دیکه‌ ژیاون و پێکه‌وه‌ژیانى پێکهاته‌کانى هه‌رێمى کوردستانیان به‌رز نرخاند.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیران سوپاسى ئه‌و سه‌ردانه‌ى کرد و تیشکى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ که‌ کولتوورى پێکه‌وه‌ژیانى هه‌رێمى کوردستان له‌ باوه‌ڕێکه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ و له‌ پاراستنى ئه‌و کولتووره‌ش به‌رده‌وام ده‌بن، هیوایشى خواست ئه‌و کرستیانانه‌ى ئاواره‌ى هه‌رێمى کوردستان بوونه‌ ڕوو نه‌که‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات و له‌ وڵاتى خۆیان بمێننه‌وه‌. ئاماده‌ییى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى بۆ په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌روه‌رده‌ى سریانى له‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌ربڕی.

تاوتوێکردنى دۆخى ناوچه‌که‌ له‌ ڕووى سه‌قامیگرى و ئابوورى و پاشه‌ڕۆژى ناوچه‌که‌وه‌، له‌گه‌ڵ گۆڕینه‌وه‌ى یادگارى، لایه‌نێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌ بوو.