نێچیرڤان بارزانى : بودجه‌ى عیراق له‌لایه‌ن سه‌رۆک کۆماره‌وه‌ په‌سه‌ند بکرێ کار بۆ هه‌ڵگرتنى پاشه‌که‌وتى موچه‌ ده‌که‌ین

کانونی دووەم 27, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 

ئه‌مڕۆ یه‌ک شه‌ممه‌ دواى کۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکى حکومه‌ت له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا دواى ته‌وابونى کۆبونه‌وه‌ى حکومه‌ت رایگه‌یاند، دواى په‌سه‌ندکردنى بودجه‌ى 2019ى عێراق له‌لایه‌ن د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆک کۆمارى عێراقه‌وه‌ ئه‌وله‌ویه‌تى کارکردنى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌ڵگرتنى پاشه‌که‌وتى موچه‌یه‌.

ووتیشى " سه‌رنجیان له‌ باره‌ى بودجه‌ى 2019ى عێراقه‌وه‌ هه‌بووه‌ و هه‌موو هه‌وڵێکیان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى کێشه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بکرێن و هه‌نگاوى باش نراون.

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ سوپاسى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراقی کرد، که‌ هه‌رله‌سه‌ره‌تاى له‌ وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته‌، تێبینییه‌کانى هه‌رێمى کوردستانى له‌سه‌ر بودجه‌ى 2019 به‌ گرنگییه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌.

سه‌رۆک وه‌زیران خۆشحاڵى خۆى ده‌ربڕى و ووتی: "هه‌نگاوى باشمان بڕیووه‌، کۆبوونه‌وه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وامه‌، هه‌ردوولا دوژمنێکى هاوبه‌شمان هه‌یه‌، که‌ داعشه‌ و جموجۆڵ و ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ى داعش هه‌ست پێده‌کرێت، به‌ڵام هه‌ماهه‌نگى باش له‌ نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا هه‌یه‌".

نێچیرڤان بارزانى له‌باره‌ى کێشه‌کانى هه‌ولێر و به‌غدا ووتی: ئه‌گه‌ر دۆخى ئێستا به‌راورد بکرێت به‌ساڵانى رابردوو ئه‌وا باشتره‌،ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه‌ که‌کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا زۆرن ".

دووپاتى له‌وه‌کرده‌وه‌، نه‌هێشتنى سیستمى پاشه‌که‌وت ئه‌رکى سه‌ره‌کییه‌ و وتی: "نامه‌وێ ته‌وه‌قوعى خه‌ڵک زیاتر به‌رزبکه‌مه‌وه‌ ئه‌گه‌ر دڵنیابن و جێبه‌جێ بکرێن بێگومان کارمان هه‌ڵگرتنى پاشه‌که‌وت ده‌بێت".

هه‌روه‌ها، له‌باره‌ى رووداوه‌کانى شێلادزێ، رایگه‌یاند:" لێره‌دا هاوخه‌مى و هاوسۆزى خۆم بۆ بریندار و ئه‌و قوربانییه‌ ده‌رببڕم و ئه‌وه‌ى روویدا شتێکى زۆر ناخۆش بوو، دووپاتى له‌ سیاسه‌تى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرده‌وه‌ که‌ نایانه‌وێت خاکى هه‌رێمى کوردستان بۆ دژایه‌تیکردن و هێرشکردنه‌ سه‌ر وڵاتانى دراوسێ به‌کاربهێنرێت".

روونیشکرده‌وه‌: "ئه‌وه‌ى رووده‌دات هۆکاره‌که‌ى ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێک حزب له‌ ناو خاکى هه‌رێمه‌وه‌ ده‌یانکه‌ن و هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر وڵاتانى دراوسێ، لیژنه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ پێکهاتووه‌".

 

 

 

 

ده‌قى وتاره‌که‌ى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم