له‌بودجه‌ى عێراقدا 270 هه‌زار پله‌ى دامه‌زراندن بۆ هه‌رێم ته‌رخانکراوه‌

کانونی دووەم 28, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


په‌رله‌مانتارێکى عێراق دووپاتى ده‌کاته‌وه‌ که‌ بودجه‌ى 2019ى عێراق پله‌ى دامه‌زراندنى زیاترى بۆ هه‌رێمى کوردستان ته‌رخان کردووه‌ که‌ ده‌گاته‌ 270 هه‌زار پله‌.

خالید جه‌شعه‌مى په‌رله‌مانتارى عێراق له‌ لیژنه‌ى نه‌زاهه‌ سه‌ر به‌ ره‌وتى حیکمه‌ى نیشتیمانى رایگه‌یاند: بودجه‌ مووچه‌ى هه‌رێمى کوردستانى بۆ پێنج ترلیۆن و 440 ملیار دینار به‌ زیادکردنى ترلیۆنێک و 620 ملیار دینار له‌ پشکى پێشوویان زیاد کردووه‌ به‌ناونیشانى پله‌ى دامه‌زراندن که‌ ده‌کاته‌ 270 هه‌زار پله‌.

هاوکات په‌رله‌مانتارێکى کورد له‌ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق دووپاتى ده‌کاته‌وه‌ که‌ وه‌ک له‌ یاساى بودجه‌ى 2019دا هاتووه‌، به‌غدا پابه‌نده‌ به‌ ره‌وانه‌کردنى بڕى 552 ملیار دینارى مانگانه‌ وه‌ک مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێک ئه‌گه‌ر هه‌رێمى کوردستان پابه‌ندیش نه‌بێت به‌ هه‌ناردنى ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ى رێککه‌وتنى له‌سه‌ر کراوه‌.

شێروان میرزا له‌ لێدوانێکى رۆژنامه‌وانیدا ده‌ڵێت: یاساى بودجه‌ى 2019 ته‌رخانکردنى بڕى 522 ملیار دینار بۆ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم و هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌خۆ ده‌گرێت و له‌و بڕه‌ 454 ملیار دینار بۆ فه‌رنمانبه‌رانه‌ و 68 ملیاریش بۆ پێشمه‌رگه‌یه‌ و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ به‌غدا پابه‌نده‌ به‌ ره‌وانه‌کردنى 52 ملیار دیناره‌که‌ مانگانه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وته‌که‌یشى بۆ هه‌نارده‌ نه‌کات.

هه‌فته‌ى رابردوو په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگى له‌سه‌ر ته‌واوى ماده‌کانى بودجه‌ى 2019ى عێراق دا که‌ بڕه‌که‌ى 112 ملیار دۆلارى ئه‌مه‌ریکایى بوو به‌ داهاتى 88 ملیار دۆلار و هه‌نارده‌کردنى بڕى 3.88 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ و فرۆشتنى به‌رمیلێک به‌ 56 دۆلار، له‌و کاته‌ى قه‌باره‌ى کورتهێنان له‌ بودجه‌که‌ گه‌یشته‌ 19.2 ملیار دۆلار که‌ له‌ قه‌رزى ناوخۆیى و ده‌ره‌کى و زیادبوونى نرخى نه‌وت له‌ نرخى دیاریکراو پێ‌ بکرێته‌وه‌.