میرى ئێزدییانى عێراق و جیهان به‌نه‌خۆشى کۆچى دوایى کرد

کانونی دووەم 28, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مڕۆ میر تحسین سه‌عید به‌گ میرى ئێزدییان له‌ هه‌رێمى کوردستان، عێراق و هه‌موو جیهان له‌ ته‌مه‌نى 85 ساڵى به‌نه‌خۆشى له‌ ئه‌ڵمانیا کۆچى دوایى کرد.

راوێژکارى تایبه‌تى میر ته‌حسین میرى ئێزدییان، که‌ریم سلێمان هه‌واڵى کۆچى دوایى میرى ئێزدییان له‌ هه‌رێمى کوردستان، عێراق و جیهانى راگه‌یاند و ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که‌به‌ هۆى وه‌ستانى گورچیله‌کانى میرى ئێزدییان له‌ نه‌خۆشخانه‌ى KRH له‌ ئه‌ڵمانیا دڵى له‌ لێدان وه‌ستا و کۆچى دوایى کرد".

که‌ریم سلێمان بۆ ئاژانسى ئانادۆڵى راگه‌یاندووه‌ : "دواى دوو رۆژ مانه‌وه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا ته‌رمى میر ته‌حسین سه‌عید به‌گ میرى ئێزدییان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌رێمى کوردستان، دوو شوێنمان بۆ به‌ خاکسپاردنى ده‌ستنیشانکردووه‌ یه‌که‌میان په‌رستگه‌ى لالش و دووه‌میان گۆڕستانى قه‌زاى شێخان، به‌ڕێوه‌چوونى پرسه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا و له‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌بێت".

میر ته‌حسین کوڕى سه‌عید به‌گ کوڕى عه‌لى به‌گ کوڕى حسێن به‌گه‌ و له‌ ساڵى 1933 له‌ ناحیه‌ى باعه‌درێى (ئه‌و کاته‌ گوند بووه‌) سه‌ربه‌ قه‌زاى شێخان له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆک له‌ دایکبووه‌، دواى کۆچى دوایى باوکى له‌ ساڵى 1944که‌ ئه‌و کاته‌ ته‌مه‌نى میر ته‌حسین ته‌نها 10 ساڵ بووه‌ له‌سه‌ر وه‌سیه‌تى "مایان خاتوون"ى دایکى میر ته‌حسین کرا به‌ میرى ئێزدییان له‌ هه‌رێمى کوردستان، عێراق و هه‌موو جیهان و دواى 75ساڵ مانه‌وه‌ له‌ پۆسته‌که‌ى ئه‌مڕۆ کۆچى دوایى کرد.

"میر ته‌حسین پێنج برا و یه‌ک خوشکى هه‌بوو، خوشک و براکانى له‌ ساڵانى رابردوو کۆچى دواییان کردووه‌، باوکى هه‌شت کوڕ و سێ کچ بووه‌".