کۆمه‌ڵه‌ى سوریا: له‌ ماوه‌ى ساڵى پاردا زیاتر له‌ 350 هه‌زار هاوڵاتى کورد له‌عه‌فرین ئاواره‌بوون

کانونی دووەم 28, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


کۆمه‌ڵه‌ى سوریا بۆ چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ ده‌ڵێت له‌وه‌تاى تورکیا و هێزه‌کانى ئۆپـۆزسیۆنى سه‌ر به‌ ئه‌نکه‌ره‌ ده‌ستیانگرتووه‌ به‌سه‌ر عه‌فرین، زیاتر له‌ 350 هه‌زار هاوڵاتى کوردى ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئاواره‌بوون.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ڕامى عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌رى کۆمه‌ڵه‌ى سوریا بۆ چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ له‌ وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ که‌ناڵى ته‌له‌فیزیۆنى عه‌ره‌بستانى سعودـیه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که‌ هێزه‌کانى تورکیا به‌ به‌رنامه‌ گۆڕانکارى دیموگرافى له‌ عه‌فرین ده‌که‌ن و ئه‌و خه‌ڵکه‌ ناچارکراون بڕۆن بۆ که‌مپى ئاواره‌کان له‌ باکورى ڕۆژهه‌ڵاتى حه‌له‌ب.

باسى له‌وه‌ش کرد له‌ ماوه‌ى ئه‌و ساڵه‌ 384 که‌سى سیڤیل کوژراون به‌ ده‌ستى هێزه‌کانى تورکیا و گروپه‌کانى ئۆپـۆزسیۆن، له‌ نێویاندا 55 منداڵ و 36 ژن هه‌ن.

وتیشى ئه‌و خه‌ڵکه‌شى ماونه‌ته‌وه‌ ڕۆژانه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌کانى تورکیا و گروپه‌ چه‌کداره‌کانه‌وه‌ پـێشێلکاریـیان به‌رامبه‌ر ده‌کرێت، له‌وانه‌ ڕفاندن و داواى پاره‌ بۆ ئازادکردنیان، ناچارکردنیان به‌ فرۆشتنى ماڵه‌کانیان یان ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ماڵه‌کانیاندا.

به‌ڕێوه‌به‌رى کۆمه‌ڵه‌ى سوریا بۆ چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ له‌ درێژه‌ى قسه‌کانیدا ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌تورکیا دادگاى له‌ عه‌فرین پـێکهێناوه‌ له‌ که‌سانى نایاسایی، وه‌ ئه‌م دادگایه‌ بڕیار ده‌دات ده‌ستبگیرێت به‌سه‌ر ماڵى خه‌ڵک به‌ بیانوى یه‌په‌گه‌ن یان سه‌ر به‌ یه‌په‌گه‌ن.

ئه‌مه‌له‌کاتێکدایه‌ که‌هه‌فته‌ى ڕابردوو ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆکى تورکیا له‌ وتارێکیدا ووتى وڵاته‌که‌ى تاکه‌ وڵاته‌ له‌ سوریا که‌ ته‌نیا بۆ کارى مرۆیى له‌و وڵاته‌ بێت.