لیژنه‌یه‌ك له‌ به‌غداده‌وه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ گه‌شته‌ هه‌ولێر

کانونی دووەم 29, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

‌ ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 29ی كانونی دووه‌م شاندێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی فه‌رمانگه‌ی قوربانیانی تیرۆر له‌ ده‌زگای شه‌هیدانی حكوومه‌تی فیدراڵ به‌ سه‌رۆكایه‌تی تاریق مه‌نده‌لاوی، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ناوبراو و محه‌مه‌د قاسم، نوێنه‌ری ئه‌مینداری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی هه‌ولێریان كرد و، له‌گه‌ڵ مه‌حموود حاجی ساڵح، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌.

تاریق مەندەلاوی ئامانجی سەردانەکەی ئاشكراكرد دەیانەوێ لە ھەرێمی کوردستان لێژنەیەک پێکبھێنن وابەستەی فەرمانگەی قەرەبوو بێت لە دەزگای شەھیدانی عێراق بە پێی یاسای ژمارە ٢٠ بۆ قەرەبوو کردنەوەی زەرەرمەندانی تیرۆر و ھەڵە سەربازییەکان.

ھەروەک میکانیزمی کاری ئەو لێژنەیەشی روون کردەوە، ئەو بڕە قەرەبووەشی خستە روو کە له‌ یاساکەدا دیاریکراوه‌.

لە بەرامبەردا وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئامادەیی وەزارەتی بۆ پێشکەش کردنی ھەر ئاسانکاریەک نیشان دا، کە پێویست بێت و ھیوای خواست، قەرەبووی ماددی و مەعنەوی قوربانیانی تیرۆر لە عێراق و کوردستان بکرێتەوە.