نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێکى بانکى نێوده‌وڵه‌تى کۆده‌بێته‌وه‌

کانونی دووەم 30, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30-1-2019 ، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ شاندێکى بانکى نێوده‌وڵه‌تى و IFC به‌ سه‌رۆکایه‌تیى به‌ڕێز مه‌رزه‌ حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێکار و ڕاگرى ئه‌نجومه‌نى کۆمه‌ڵه‌ى بانکى نێوده‌وڵه‌تى کرد.

له‌ دیدارێکدا که‌ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ى بوو، شاندى میوان خۆشحالیى خۆیان به‌ سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ربڕى و ده‌ستخۆشییان له‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرد بۆ مامه‌ڵه‌ سه‌رکه‌وتووه‌که‌ى له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌کانى ساڵانى ڕابردوو که‌ ئێستا ئاماژه‌کان به‌ره‌و باشبوونى دۆخه‌که‌ ده‌چن و ئاماده‌ییى خۆیان بۆ هاوکاریکردنى هه‌رێمى کوردستان له‌ بوارى ڕیفۆرمه‌ ئیداره‌ییه‌کان و په‌ره‌پێدانى بوارى به‌ڕێوه‌بردن و ئابوورى و پاره‌دارکردنى پڕۆژه‌کانى ژێرخانى ئابوورى نیشان دا.

هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگکارى IFC باسى له‌ پاڵپشتیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و پرۆژه‌ ستراتیژییه‌کان کرد که‌ به‌شێکیان له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ پاره‌دار کراون و له‌ ‌ڕێگه‌ى که‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ ئه‌نجام دراون، ئاماده‌ییى خۆیشى ده‌ربڕى که‌ پڕۆژه‌ى دیکه‌ى که‌رتى تایبه‌ت له‌ داهاتوودا پاره‌دار بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ژێرخانى ئابوورى ببوژێته‌وه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ که‌رتى تایبه‌ت بۆ به‌ره‌وپێشبردنى ئابوورى گرنگیى خۆى هه‌یه‌ و ئه‌و پاڵپشتییه‌ش له‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ که‌رتى تایبه‌ت ده‌بینن و پشتگیریى خۆى بۆ ئه‌و سیاسه‌ته‌ى حکوومه‌تى هه‌رێم ده‌ربڕی.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى ئه‌و سه‌ردانه‌ى کرد و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ سیاسه‌تى ئابووریى خۆیدا به‌ پێویست ده‌زانێت که‌رتى تایبه‌ت ڕۆڵێکى به‌رچاو ببینێت که‌ هه‌ر ئه‌و که‌رته‌یه‌ ده‌توانێت ببێته‌ داینامۆى ئابوورییه‌کى به‌هێز و له‌مباره‌یه‌وه‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌موو ئاسانکارییه‌ک بۆ که‌رتى تایبه‌ت ده‌کات و هه‌وڵیش ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ڕیفۆرمه‌کان به‌رده‌وام بن به‌مه‌به‌ستى باشترکردنى ئه‌داى حکوومه‌ت و بژێوى هاووڵاتیان و هێنانى سه‌رمایه‌گوزارانى بیانى بۆ هه‌رێمى کوردستان.
له‌ به‌شێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌دا بارودۆخى ئابووری، دوا پێشهاته‌کان، گفتوگۆکانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و پرسى یاساى بودجه‌،‌ خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.