روونکردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ له‌باره‌ى گرفته‌کانى خزمه‌تگوزارى ئینته‌رنێت

کانونی دووەم 30, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ ماوه‌ى رابردوودا هه‌ندێک له‌ که‌ناڵه‌کانى راگه‌یاندن، کێشه‌ و گرفتى ئینته‌رنێت و هه‌روه‌ها گله‌یى هه‌ندێک له‌ هاووڵاتیانیان له‌باره‌ى گرانى نرخى خزمه‌تگوزارى ئینته‌رنێت خسته‌ڕوو.

له‌ وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن به‌ دواداچوونمان بۆ ئه‌و که‌یسه‌ کردوو لێره‌دا به‌ پێویستى ده‌زانین ئاماژه‌ بۆ چه‌ند خاڵێک بکه‌ین که‌ هۆکارى گرفته‌که‌ بوون:

1- دواى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ریفراندۆم ده‌سته‌ى راگه‌یاندن و گه‌یاندنى عێراق CMC ئه‌و کۆمپانیاکانى به‌رهه‌مهێنه‌رى که‌ره‌سته‌ و ئامێرى بوارى ئینته‌رنێتى ئاگادارکرده‌وه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نابێت کاڵاکانیان به‌و کۆمپانیایانه‌ بفرۆشن که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان کارده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش به‌بیانووى ئه‌وه‌ى مۆڵه‌تیان له‌ CMC وه‌رنه‌گرتووه‌ و له‌ حاڵه‌تى سه‌رپێچى کردنیان به‌ 10 ملیۆن دۆلار سزاده‌درێن، بۆ نموونه‌ کۆمپانیاى (هواوی) هه‌ڵسا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى گرێبه‌سته‌که‌یان بۆ پێدانى ئامێر و که‌ره‌سته‌ى خزمه‌تگوزارى ئینته‌رنێت به‌ کۆمپانیاى (فاستلینک) .
2- داخستنى هه‌ردوو فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر و سلێمانى بۆ ماوه‌ى 6 مانگ کاریگه‌رى نیگه‌تیڤى هه‌بوو له‌سه‌ر هاورده‌کردنى ئامێر و که‌ره‌سته‌کان له‌لایه‌ن کۆمپانیاکانى ئینته‌رنێته‌وه‌ .
3- له‌ هه‌ندێک شوێن تێکه‌ڵاوى فریکوینسى دروست ده‌بێت، بۆ نموونه‌ فریکوینسى ئامێره‌کانى سه‌ربازیى هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ فریکوینسى زۆربه‌ى کۆمپانیاکان له‌ هه‌ندێک ناوچه‌دا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ په‌یوه‌ندیان پێوه‌کراوه‌و به‌ڵێنى چاره‌سه‌رکردنیان داوه‌.
4- له‌ هه‌ندێک مزگه‌وت ئامێرى Gammer دانراوه‌ بۆ بڕین و وه‌ستاندنى تۆڕه‌کانى په‌یوه‌ندى له‌ناو مزگه‌ته‌کاندا تا مۆبایله‌کان له‌کاربکه‌ون، ئه‌م ئامێره‌ کاریگه‌رى له‌سه‌ر شوێنه‌کانى ده‌وروبه‌رى مزگه‌وتیش ده‌بێت، بۆیه‌ له‌ وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن نووسراوى فه‌رمیمان ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ چاره‌سه‌رى بکه‌ن و رێگا له‌ دانانى ئه‌و ئامێرانه‌ بگیرێت.
5- سه‌باره‌ت به‌ نرخى خزمه‌تگوزارى ئینته‌رنێت ئاماژه‌ به‌ ئۆفه‌رى هه‌ندێک له‌ کۆمپانیاکان ده‌که‌ین و به‌کارهێنه‌ر ئازاده‌ کام ئۆفه‌ر هه‌ڵده‌بژێرێت:
ئۆفه‌ره‌کانى ئینته‌رنێت 5000 ، 10000، 15000، 20000، 25000، 39000، 50000، 75000 دینارن.

دواى به‌دواداچوونمان بۆ خزمه‌تگوزارى ئینته‌رنێت و کۆمپانیاکانى ئه‌و بواره‌ ، ئێستا به‌شى هه‌ره‌ زۆرى گرفته‌کان چاره‌سه‌رکراون و هه‌وڵه‌کانیش به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى هێشتا چاره‌سه‌رنه‌کراون.

ئومێد محه‌مه‌د ساڵح – وته‌بێژى وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن
چوارشه‌ممه‌ 30-1-2019