بڕیاره‌ هه‌فته‌ى داهاتوو شاندێکى باڵاى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا بکات

کانونی دووەم 30, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌میانى به‌شداریکردنیان له‌ رێوڕه‌سمێکى هونه‌ری، وته‌بێژى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا، وه‌ڵامى پرسیاره‌کانى رۆژنامه‌وانانى دایه‌وه‌.

له‌ کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌که‌دا، وته‌بێژى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، سه‌فین دزه‌یى ئاماژه‌ى به‌ بارودۆخى ئابوورى هه‌رێمى کوردستان کرد و وتی: ''پاش ئه‌وه‌ى به‌شێک له‌ یاساى بوودجه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقییه‌وه‌ په‌سه‌ند کرا، وه‌زاره‌تى دارایى و ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق ده‌بێت چه‌ند رێنماییه‌ک ده‌ربکه‌ن و، ئێمه‌ پێشوازى له‌م هه‌نگاوه‌ ده‌که‌ین و ره‌نگه‌ هه‌موو داوکارییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌ خۆ نه‌گرێت، به‌ڵام تا راده‌یه‌ک هیوابه‌خشه‌ و، هیوادارین به‌پێى رێنماییه‌کان و له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵک دا بڕیار بدرێت''.

سه‌فین دزه‌یى وتیشی: ''سه‌باره‌ت به‌ بارى ئابوورى هه‌رێمى کوردستان، ئێمه‌ له‌ رابردووشدا گوتوومانه‌ چوار ساڵى سه‌ختمان تێپه‌ڕاند و پارساڵیش دواى ئه‌وه‌ى چاوخشاندن به‌ سیسته‌مى پاشه‌که‌وت کرا و، پاره‌ى به‌ڵێنده‌ران درا و جموجۆڵێک که‌وته‌بازار و ئه‌مه‌ش ئومێدبه‌خشه‌ و له‌هه‌مانکاتدا متمانه‌ى کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى به‌ سه‌قامگیرى هه‌رێمى کوردستان دا هه‌یه‌''.

له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا، سه‌فین دزه‌یى وتی: ''له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا شاند ئاڵوگۆڕ ده‌کرێت و هه‌فته‌ى رابردوو شاندێکمان له‌به‌غدابوو بۆ بابه‌تى گومرگه‌کان و، ئێستاش بڕیاره‌ هه‌فته‌ى داهاتوو شاندێکى باڵا سه‌ردانى به‌غدا بکات''.