نرخى ئه‌مپێرى مۆلیده‌ى ئه‌هلى بۆ مانگى یه‌ک دیارى کرا

کانونی دووەم 31, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ووته‌بێژى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى کاره‌باى سلێمانى ئاشکراى ده‌کات، نرخى هه‌ر کاتژمێرێک ئه‌مپێرى کاره‌باى مۆلیده‌ى ئه‌هلى له‌ مانگى کانونى دووه‌م (40.75) دینار ده‌بێت، هاوکات خشته‌ى پێدانى کاره‌باى مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌کان له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى بۆ مانگى شوبات دیاریکرا.


سیروان محه‌مه‌د، ووته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى کاره‌باى سلێمانى رایگه‌یاند" نرخى کاتژمێرێک ئه‌مپێرى مۆلیده‌ى ئه‌هلى به‌ 40.75 دینار بۆ مانگى یه‌ک دیاریکرا، و موه‌لیده‌کانیش به‌تێکڕایى له‌نێوان 240 بۆ 280 کاتژمێر کاریان کردووه‌، به‌وه‌ش نرخى ئه‌مپێرێک له‌ نێوان 10.000 بۆ 11.000 هه‌زار دینار ده‌بێت و نرخى ئه‌مپێڕێک له‌ گه‌ره‌کێک بۆ گه‌ره‌کێکى تر جیاواز ده‌بێت.


سه‌باره‌ت به‌به‌رنامه‌ى کارکردنى موه‌لیده‌کان بۆ مانگى یانزه‌، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى کاره‌باى سلێمانى ووتى " به‌رنامه‌ى مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌کان رۆژانه‌ له‌ کاتژمێر 2:00 ى پاشنیوه‌ڕۆ بۆ 1:00 شه‌و، و به‌یانیانیش کاتژمێر 7:00 _8:30 به‌یانى ده‌بێت، و هه‌رکاتێک کاره‌باى نیشتیمانى نه‌بوو له‌و کاتانه‌دا مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌کان کاره‌با بۆ هاوڵاتیان دابین ده‌که‌ن، ، به‌ڵام رۆژانى هه‌ینى به‌یانیان کار ناکه‌ن و له‌برى ئه‌وه‌ پێش نیوه‌روان کاتژمێر 11:30 کار به‌ مۆلیده‌کان ده‌که‌ن.

ووتیشی: له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا، ئه‌و خاڵه‌ دووپات کرایه‌وه‌ که‌ پێویسته‌ پاش کوژانه‌وه‌ى کاره‌باى نیشتمانى 10 خوله‌ک زیاتر به‌سه‌ر دابینکردنى کاره‌باى مۆلیده‌ تێنه‌په‌رێت ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، سه‌رپێچیکار رووبه‌رووى یاسا ده‌کرێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ نرخى کاره‌باى یه‌که‌کانى نیشته‌جێبوون و سیتیه‌کان نرخى کیلۆواتێک به‌ (214) دینار دیاریکرا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سیتیه‌کان وێستگه‌کانیان 11 که‌یڤى بوو ئه‌وا 5 دینار و وێستگه‌که‌ى 33 که‌یڤى بوو 10 دینارى بۆ زیاد ده‌کرێت.