گۆرینى ئاڕسته‌ى هاتوچۆى چه‌ند شه‌قامێکى سه‌نته‌رى سلێمانى ده‌خرێته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌

کانونی دووەم 31, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانى هاوبه‌شدا د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر پارێزگارى و قائیمقام و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى هاتوچۆى سلێمانى ورده‌کاریى گۆڕانکاریى له‌ ئاڕاسته‌ى هاتوچۆى چه‌ند شه‌قامێکى سه‌ره‌کیى ناوه‌ندى سلێمانى ئاشکراکرد: پلانه‌که‌ له‌لایه‌ن قائیمقامیه‌ت و هاتوچۆ و ئاسایش و پۆلیس و لیواى یه‌کى پارتنى سلێمانییه‌وه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ وردى له‌سه‌ر کراوه‌ بۆ گۆڕینى ئاڕاسته‌ى شه‌قامه‌کان له‌ناو سه‌نته‌رى شارى سلێمانى و له‌گه‌ڵ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کى دیکه‌ى تایبه‌ت به‌ گواستنه‌وه‌ى گشتى و دیاریکردنى هێڵ و پارکینگ بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى قه‌ره‌باڵغى له‌ناو شاردا و له‌ سبه‌ینێ هه‌ینى (1/2/2019)ه‌وه‌ پڕۆژه‌که‌ ده‌که‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌.

وتیشى :"پڕۆژه‌که‌ چه‌ند لایه‌نێک له‌ خۆده‌گرێت به‌ ئامانجى که‌مکردنه‌وه‌ى قه‌ره‌باڵغى سه‌ر شه‌قامه‌کان، تا دۆخێکى تازه‌ بۆ بازاڕکردن و ئاراسته‌ى شه‌قامه‌کان بێته‌کایه‌وه‌، ئه‌وه‌ى گرنکه‌ پڕۆژه‌که‌ سه‌ربگرێت و کاریگه‌ریى هه‌بێت له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ى ئه‌و لۆده‌ى له‌ناوه‌ندى شار دروست بوه‌".

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌، عه‌مدى فه‌ره‌یدون عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى هاتوچۆى پارێزگاى سلێمانى رایگه‌یاند: ماوه‌ى زیاتر له‌ (10) رۆژه‌ کار له‌سه‌ر پڕۆژه‌که‌ ده‌که‌ن و تیمه‌کانى هاتوچۆ له‌ ئه‌فسه‌ر و کارمه‌ندان له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان کارئاسانى بۆ سه‌رخستنى کاره‌که‌ ده‌که‌ن، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا تابلۆى گه‌وره‌ له‌سه‌ره‌تاى شه‌قامه‌کان دانراوه‌ که‌ ئاڕاسته‌که‌یان ده‌گۆڕدرێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد؛ چوار رۆژى سه‌ره‌تا وه‌ک تاقیکردنه‌وه‌ کار له‌سه‌ر پڕۆژه‌که‌ ده‌کرێت، ئه‌گه‌ر بزانرێت له‌هه‌ر به‌شێک یان شه‌قامێکى دیکه‌ى نزیک ئه‌و زۆنه‌ کێشه‌ یان گرفت هه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت و ئه‌گه‌ر پێویست بکات گۆڕانکاریى دیکه‌ ده‌کرێت ئامانجیان ئه‌وه‌ى به‌م گۆڕانکارییانه‌ تاڕاده‌یه‌ک ره‌وشى هاتوچۆ له‌ناو سه‌نته‌رى شار خێراتر بکه‌ن و قه‌ره‌باڵى و خنکان نه‌مێنیێت که‌ به‌مجۆره‌یه‌:

1. شه‌قامى مامۆستایان (به‌رده‌م قائیمقامیه‌ت) له‌ گۆڕه‌پانى سلێمانى پاڵاس به‌یه‌ک ئاڕاسته‌ و به‌ چوار له‌ین سه‌رده‌که‌وێته‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ فلکه‌ى یه‌کگرتن.
2. شه‌قامى حه‌مدى (قه‌نات) له‌ فلکه‌ى یه‌کگرتن به‌یه‌ک ئاڕاسته‌ و چوار له‌ین ده‌ڕوات به‌ره‌و فلکه‌ى فریاکه‌وتن (پارکى دایک).
3. شه‌قامى پیره‌مێرد، له‌ فلکه‌ى یه‌کگرتن به‌ره‌و گۆڕه‌پانى سه‌را ده‌بێته‌ یه‌ک ئاڕاسته‌ و به‌ چوار له‌ین ئوتومبیل دێته‌ خواره‌وه‌.
4. شه‌قامى مه‌وله‌وی، جوڵه‌ى ئوتومبیل تیایدا پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ و له‌ گۆڕه‌پانى سه‌را به‌ره‌و گۆڕه‌پانى سلێمانى پاڵاس ده‌بێته‌ یه‌ک ئاڕاسته‌.
5. شه‌قامى کاوه‌، له‌ گۆڕه‌پانى سه‌راى سلێمانیه‌وه‌ تا فولکه‌ى خانه‌قا به‌یه‌ک ئاراسته‌ ئوتومبیل ده‌ڕوات، دواتر ئه‌و ئاراسته‌ ده‌چێته‌ فورلکه‌ى زاره‌که‌ - سلێمانى پاڵاس.