پێنچ یانه‌ى شه‌وانه‌ داخران و ده‌ستیش گیرا به‌سه‌ر چه‌ند پارچه‌ چه‌کێکدا

شوبات 01, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ هه‌ڵمه‌تێکى هێزه‌کانى بنکه‌ى پۆلیسى سه‌رچنار به‌ هاوکارى هێزه‌کانى به‌شى پۆلیسى نه‌هێشتنى تاوان بۆ گه‌ڕان و پشکنینى کافتریاو یانه‌ شه‌وانه‌کانى سنورى بنکه‌ى پۆلیسى سه‌رچنار پێنچ یانه‌ى شه‌وانه‌ داخران و ده‌ستیش گیرا به‌سه‌ر چوار ده‌مانچه‌و چه‌ند پارچه‌ چه‌قۆو بۆکس خه‌نجه‌رێکدا .

شه‌وى ڕابردوو کاتژمێر 2 هێزه‌کانى بنکه‌ى پۆلیسى سه‌رچنار به‌ هاوکارى هێزه‌کانى به‌شى پۆلیسى نه‌هێشتنى تاوان هه‌ڵمه‌تێکى گه‌ڕان و پشکنینیان له‌سنورى گه‌ڕه‌کى سه‌رچنار ده‌ستپێکرد ، له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا کافتریاو یانه‌ شه‌وانه‌کانى سنوره‌که‌ به‌سه‌ر کرانه‌وه‌و پێنچ یانه‌ داخران که‌ پابه‌ند نه‌بوون به‌ڕێنماییه‌کانى گه‌شتوگوزارى سلێمانییه‌وه‌و ده‌ستیش گیرا به‌سه‌ر چوار ده‌مانچه‌و چه‌ند پارچه‌ چه‌قۆو بۆکس خه‌نجه‌رێکدا که‌له‌ ئێستادا خاوه‌نى ده‌مانچه‌کان ڕاگیراون به‌فه‌رمانى به‌ڕێز دادوه‌رو به‌پێى مادده‌ى 21ى چه‌ک.

هۆکارى داخستنى ئه‌و یانانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پابه‌ند نه‌بوونیان به‌ڕێنماییه‌کانى گه‌شتوگوزارى سلێمانییه‌وه‌ که‌ تا کاتژمێر 2ى شه‌و یانه‌کان کراوه‌بوون و خاوه‌نه‌کانیان ڕوبه‌ڕوى یاسا کراونه‌ته‌وه‌.

هه‌ڵمه‌تى گه‌ڕان و پشکنینى کافتریاو یانه‌ شه‌وانه‌کان له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى به‌رده‌وامى ده‌بێت و هه‌رکه‌سێک سه‌رپێچى یاسا یاخود ڕێنماییه‌کانى گه‌شتوگوزارى سلێمانى بکات ده‌ستگیرده‌کرێت و ڕوبه‌ڕوى یاسا ده‌کرێته‌وه‌.