نێچیرڤان بارزانی: له‌شه‌ڕى داعش 1726 شه‌هید و10720 بریندار و 42 پێشمه‌رگه‌ بێسه‌روشوێن بوون

شوبات 01, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 1-2-2019 له‌ پانزده‌هه‌مین ساڵیادى شه‌هیدانى یه‌کى شوبات، به‌ ئاماده‌بوونى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و ژماره‌یه‌ک له‌ نوێنه‌رانى وڵاتانى بیانى له‌ هه‌رێمى کوردستان، مه‌راسیمێک له‌ شارى هه‌ولێر ساز کرا.

له‌و مه‌راسیمه‌دا سه‌رۆک وه‌زیران وتارێکى به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پێشکه‌ش کردو تیایدا وێڕاى به‌خێرهێنان میوانانى ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌، یادى شه‌هیدانى کاره‌ساتى یه‌کى شوباتى ساڵى 2004ى به‌رز نرخاند که‌ هاوکات هه‌ردوو باره‌گاى لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردستان و مه‌ڵبه‌ندى سێى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان کرانه‌ ئامانجى دوو په‌لامارى تیرۆریستى و ڕه‌شبیرانه‌ که‌ شه‌هیدبوونى 101 که‌س له‌ سه‌رکرده‌ و پێشمه‌رگه‌ و خه‌باتگێێ‌ و کادیران و هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان و شارى هه‌ولێر، شارى لێبورده‌یى و میواندۆستى و ئایینپه‌روه‌ریى لێکه‌وته‌وه‌ و، خوێنیان تێکه‌ڵ به‌ خاکى پیرۆزى کوردستان بوو.

سه‌رۆک وه‌زیران ئاماژه‌ى به‌ مێژووى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى کوردستان کرد که‌ هه‌میشه‌ له‌ ڕێگه‌ى خه‌باتى به‌رده‌وامى شۆڕشگێڕانه‌دا، له‌ به‌ره‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆردا بووه‌ و په‌ناى بۆ تیرۆر نه‌بردووه‌. هه‌ربۆیه‌، وێڕاى سووربوون له‌سه‌ر بنه‌ماکانى فره‌یى و لێبورده‌یى و پێکه‌وه‌ژیانى ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى له‌ کوردستان، پاراستنى ئه‌و کلتووره‌ى به‌ ڕێگرییه‌کى گه‌وره‌ دانا له‌ به‌رده‌م ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى هزرى توندڕه‌وى که‌ گه‌وره‌یى ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى حکوومه‌ت و خه‌ڵکى کوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ و بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌که‌ى له‌ شه‌ڕى داعشدا بۆ جیهان ده‌رکه‌وت، که‌ به‌ شانازییه‌وه‌ بووه‌ته‌ به‌شێک له‌ پرۆگرامى په‌روه‌رده‌ و خوێندن له‌ هه‌رێمى کوردستان. ته‌نانه‌ت سه‌ره‌ڕاى تاوانى جینۆسایدى ئێزدییه‌کان له‌لایه‌ن داعش و هه‌روه‌ها بڕینى بودجه‌ى هه‌ڕێم و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى کوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، که‌ ئاواره‌بوونى پتر له‌ دوو ملیۆن په‌نابه‌رى لێکه‌وته‌وه‌، که‌چى خه‌ڵکى کوردستان به‌وپه‌ڕى به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ ئامێزیان بۆ کردنه‌وه‌ و هیچ ڕووداوێکى توندوتیژى ده‌رهه‌قیان تۆمار نه‌کرا. ئه‌وه‌ش مایه‌ى شانازییه‌ بۆ خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی، ئه‌وه‌ى دووپات کرده‌وه‌ که‌ داعش سه‌ره‌ڕاى که‌مبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌کانی، به‌ڵام له‌ناو نه‌چووه‌ و جموجۆڵه‌کانى له‌ چه‌ند پارێزگایه‌کى عێراق هه‌ستى پێده‌کرێت و مه‌ترسیى فراوانبوونیشى لێده‌کرێت، بۆیه‌، هه‌ڵوێستى نوێى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى پێویسته‌ و ده‌بێ له‌ڕووى هزرییشه‌وه‌ کار له‌سه‌ر به‌رنامه‌ و ستراتیژێک بکرێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بیرى توندڕه‌وی. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌رى به‌ گرنگ زانى که‌ ستراتیژێکى تازه‌ى هاوبه‌ش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانیى دژى داعشه‌وه‌ به‌ به‌شداریى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌کانى دیکه‌ى عێراقى دابنرێت و ئاماده‌یى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانى بۆ هه‌رچه‌شنه‌ هاوکارییه‌ک له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى عێراق و هاوپه‌یمانانى نێوده‌وڵه‌تى دووپات کرده‌وه‌. له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ یادى خۆڕاگرى و قاره‌مانى و گیانبه‌ختکردوویى 1726 پێشمه‌رگه‌ى قاره‌مان و 10 هه‌زار و 720 پێشمه‌رگه‌ى بریندار و 42 پێشمه‌رگه‌ى بێسه‌روشوێن له‌ شه‌ڕى دژ به‌ داعشى به‌رز نرخاند و سه‌رى ڕێزا و نه‌وازشى له‌ به‌رامبه‌ر ڕۆحى گه‌وره‌ى ئه‌و شه‌هیدانه‌ و که‌سوکاریان دانه‌واند.

 

ده‌قى وتارى نێچرڤان بارزانى