کارمه‌ندانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ کارى شۆفێرى ته‌کسیان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێت

شوبات 03, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌ بڕیارى که‌ریم سنجاری، وه‌زیرى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى عێراق کارمه‌ندانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ چیتر ناتوان کارى شۆفێرى ته‌کسى ئه‌نجام بده‌ن.

بڕیاره‌که‌ى که‌ریم سنجارى به‌ نووسرواێک بڵاو کرایه‌وه‌ که‌ خودى وه‌زیر واژووى له‌سه‌ر کردووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و بڕیاره‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ فه‌رمانبه‌رانى پله‌ حه‌وت و هه‌شتى شارستانى ناگرێته‌وه‌.

وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایده‌گه‌یێنێت، شۆفێرى تاکسى له‌ گشت ئه‌فسه‌ر و کارمه‌ندانى میلاکى هێزه‌کانى ئاسایشى ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێره‌ڤانی، به‌رگرى ‌و فریاکه‌وتن، ره‌گه‌زنامه‌، هاتووچۆ، پاسه‌وانى سنوور ‌و پۆلیسى گومرگ) ‌و کارمه‌ندانى میلاکى سه‌ربازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ‌و گشت هێزه‌ چه‌کداره‌کان له‌سه‌ر میلاکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ‌و حکومه‌تى عێراق قه‌ده‌غه‌کراوه‌.

هه‌ر به‌پێى بڕیاره‌که‌ کارمه‌ندانى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان کارى شۆفێرى تاکسیان لێ قه‌ده‌غه‌ کراوه‌، به‌ڵام ، فه‌رمانبه‌رانى میلاکى شارستانى ئه‌وانه‌ى پله‌ى وه‌زیفیان له‌ پله‌ حه‌وت به‌ره‌و خواره‌‌وه‌ن ده‌توانن کارى شۆفێرى تاکسى بکه‌ن، به‌مه‌رجێک ره‌زامه‌ندى فه‌رمانگه‌که‌یان هه‌بێت و پێویسته‌ ساڵانه‌ ئه‌و ره‌زامه‌ندییه‌ نوێبکرێته‌وه‌.