له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا له‌ هه‌رێم زیاتر له‌ 5 هه‌زار هاوڵاتی توشی شێرپه‌نجه‌‌ بوون

شوبات 04, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

رێكەوت حەمە رەشید، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند لە ساڵی 2018دا زیاتر لە 18 ملیۆن و 100 ھەزار كەس لە جیھان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوونە و زیاتر لە 9 ملیۆن كەس گیانیان لەدەستداوە.

وتیشی ئاماری تووشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە ھەرێمی كوردستان لەژێر ستاندارە جیھانییەكاندایە و تەنھا لە 100 ھەزار كەس 105 كەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون. لەماوەی ساڵێكدا زیاتر 5 ھەزار و 680 كەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون.

وه‌زیری ته‌ندروستی هێمای بۆ ئه‌وه‌ی كرد  زۆربەی دەرمان و چارەسەرەكان لە رێگەی وەزارەتی تەندروستی و سندووقی كۆمەك و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی دابین كراون. ئەو نەخۆشانەی كە چارەسەریشیان نەبووە نێردراون بۆ دەرەوەی وڵات.

د. ڕێكه‌وت ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی په‌یوه‌ندیمان ئه‌نجامداوه‌ وه‌زیری دارایش به‌ڵینی هاوكاری پێداوین و پرۆژه‌ی گه‌وره‌مان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و به‌و هیواین ئه‌و كه‌لێنانه‌ی كه‌ له‌ بواری شێرپه‌نجه‌ هه‌یه‌ پڕی بكه‌ینه‌وه‌ .

وتیشی له‌ خوار و ناوه‌ڕاستی عێراق نه‌خۆشمان بۆ دێت و له‌ ساڵی ڕابردوو زیاتر له‌ 700 نه‌خۆش چاره‌سه‌ر كراوه‌ ئه‌مه‌ تێچوێكی زۆری ده‌وێت.