شاندی دانوستانكاری پارتی سه‌ردانی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانی كرد

جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مرۆ دوو شه‌ممه‌ 12ی شوبات له‌ شاری هه‌ولێر شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز هۆشیار زێباری ، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیان كرد وه‌فدی میوان له‌ لایه‌ن به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود. به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان پێشوازیكران.

له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نویه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ڕه‌وشی سیاسی هه‌رێم و عێراق و ناوچه‌كه‌ كرا، به‌ گرنگیه‌وه‌ باس له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ردوو حزب كرایه‌وه‌.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ ئاسایكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا كرایه‌وه‌ به‌ گرنگ زانرا كه‌ مافه‌ ده‌ستووریه‌كانی گه‌لی كورد له‌ ده‌ستووری عێراقیدا هاتووه‌ بچه‌سپێنرێت له‌ كابینه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی و كابینه‌ی نوێی عێراق ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌كی باش له‌ به‌ ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌ چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵ.

له‌ ته‌وه‌رێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ په‌یوه‌ندیه‌ دبلۆماسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتان كرا .

له‌ دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ هێمن عەبدوڵڵا، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند  کۆبونەوەیان لەگەڵ پارتى دیموكراتی كوردستان چەند تەوەرێکى لە خۆگرتبوو پرسی بەشداریکردنیشیان لە حکومەت لە کۆبونەوەى مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى سۆسیالیست بڕیارى لەسەر دەدرێت.

ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کۆبونەوەى 18ی ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستانەوە کراوە کە بڕیارە دەستەی سەرۆکایەتی تێدا هەڵبژێردرێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی حزبی سۆسیالیست وتیشی پشتیوانى لە هەموو حکومەتێک دەکەین ئەگەر بەشدار بین یان نا، چونکە خوێنمان بۆ ئەو حکومەتە ڕشتوە، بۆیە لە کۆبونەوەى پەرلەمانیش بەشدار دەبین.

حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان له‌ كابینه‌كانی  شه‌شه‌م و حه‌وته‌می هه‌رێمی كوردستان به‌ وه‌زیری كاره‌با به‌شداربوو.

ئەلبوومی وێنەکان