به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود : حزبی سۆسیالیست خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی له‌ پۆست پێ گرنگتره‌

شوبات 13, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز
به‌ڕێزعه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود ، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند پارتی پێی باشه‌ سۆسیالیست به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان به‌شداری كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت بكات، به‌ڵام سۆسیالیست چاوه‌ڕێی كۆبونه‌وه‌ی داهاتوو ده‌كات تا زیاتر به‌رچاوی ڕوون بێت له‌سه‌ر قسه‌ی لایه‌نی پێكهێنه‌ری حكومه‌ت.
ناوبراو وتیشی له‌كابینه‌ی پێشوو به‌شداری حكومه‌تمان نه‌كرد، به‌ڵام پشتیوانی ده‌سه‌ڵات بوین، بۆ ئه‌مجاره‌ش چاوه‌ڕێی قسه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌رین دواتر له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بڕیاری له‌باره‌وه‌ ده‌درێت.
به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود، ڕه‌خنه‌ش له‌ به‌شێك له‌ ئۆپۆزسیۆنی ڕابردوو ده‌گرێت و ده‌ڵێت" به‌ڕۆحیه‌تی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ هه‌ندێك كه‌سیان كارییان كرد" ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو ئۆپۆزسیۆن بوون واتای ئه‌وه‌ نا هه‌وڵ بده‌ی حكومه‌ت بڕوخێنیت، ئۆپۆزسیۆن بوون له‌زه‌مینه‌یه‌كدا دێته‌ ئاراوه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان دوور بێت له‌مه‌ترسی له‌ناوچون چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پاپۆڕێكه‌ كه‌ نوقم بوو هه‌موو پێكه‌وه‌ نوقم ده‌بێت ناپرسێت حیزبی(ا، ب .... هتد) ."
به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست له‌ باره‌ی كۆبونه‌وه‌ی دوێنێی سۆسیالیست و پارتی هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كۆبونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ڕێكه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌ 18-2، بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پاشان هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم دواتر پێكهێنانی كابینیه‌ نوێی حكومه‌تی هه‌رێم ."
وتیشی پارتی دیموكراتی كوردستان "ڕه‌غبه‌ت"ی هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان سۆسیالیست به‌شداری له‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمدا بكات، به‌ڵام ئێمه‌ پێمانوتن له‌كاتی خۆی كه‌ تێڕوانینی پارتی دیموكوراتی كوردستان به‌رامبه‌ر سۆسیالیست ڕوون بوه‌وه‌ له‌چۆنیه‌تی به‌شداری كردن له‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، ئێمه‌ش ئه‌وكات ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایتی كۆده‌بێته‌وه‌ له‌بابه‌تی به‌شداری كردن له‌حكومه‌ت یا خود به‌شداری نه‌كردن بڕیار ده‌دات."
ده‌رباره‌ی مه‌رجه‌كانی حیزبی سۆسیالیست بۆ به‌شداری كردن له‌حكومه‌ت به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود وتی" به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ خزمه‌تی خه‌ڵك بكرێت، به‌ڵام بۆ مه‌رجی حزبی هێشتا ڕۆنه‌چوینه‌ته‌ ئه‌و بابه‌ته‌، هه‌ركات لایه‌نی پێكهێنه‌ری حكومه‌ت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت سه‌ردانییان كردین قسه‌ی خۆیان كرد له‌سه‌ر بنه‌مای قسه‌كانی ئه‌وان ئێمه‌ش قسه‌ی خۆمان ده‌بێت."
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی سۆسیالیست چاوی له‌ چ پۆستێكه‌ ئه‌گه‌ر به‌شداری له‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت كرد؟ به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود وتی ئێمه‌ زیاتر خزمه‌تكردنی خه‌ڵكمان له‌پۆست پێ گرنگه‌ با جارێ لایه‌نی پێكهێنه‌ری حكومه‌ت سه‌ردانمان بكات قسه‌ی ئه‌وان بزانین، به‌ڵام وه‌ك وتم خزمه‌تكردنی خه‌ڵك بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ وه‌ك ده‌زانرێت ئێمه‌ كابینه‌ی پێشوو به‌شداری حكومه‌تمان نه‌كرد، به‌ڵام هه‌ر پشتیوانیمان كرد."
به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود ئه‌وه‌شی وت" ئه‌گه‌ر سۆسیالیست به‌شداری نه‌كرد ئه‌وا پاش كۆبونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی به‌ به‌یاننامه‌یه‌ك ڕایده‌گه‌یه‌نین، به‌پێی دواین هه‌مواری په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان دوو شت هه‌یه‌ یا به‌شداری له‌حكومه‌ت ده‌كه‌ی یاده‌بیته‌ ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام خولی ڕابردوو ئێمه‌ به‌شداری حكومه‌تمان نه‌كرد به‌ڵام پشتیوانی ده‌سه‌ڵات بوین له‌به‌ر ئه‌و دۆخه‌ی هه‌رێمی كوردستانی تێكه‌وتبوو."
هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند" ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان پێش بكه‌وێت، سه‌ربكه‌وێت، نامانه‌وێت به‌ربه‌ست دروست بكه‌ین، ئۆپۆزسیۆن بوون له‌زه‌مینه‌یه‌كدا دێته‌ ئاراوه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان دوور بێت له‌مه‌ترسی له‌ناوچونی، وه‌ك ده‌زانرێت مه‌سه‌له‌ی داعش و داڕمانی ئابوری هه‌رێمی كوردستان مه‌ترسی گه‌وره‌ بوون ڕوویان له‌هه‌رێمی كوردستان كرد."
به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆن بوون له‌كوردستان بۆچونی خۆی وت، ڕایگه‌یاند" به‌بۆچونی من ئۆپۆزسیۆن بوون ئه‌وه‌ نیه‌ كارێك بكه‌ی حكومه‌ت له‌ناو ببه‌یت و بیڕوخێنیت، به‌ڵكو ده‌بێت چاودێرێكی باش بێت به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وه‌ بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك،به‌ڵام له‌هه‌رێمی كوردستان پێشتر ئۆپۆزسیۆن هه‌بوو ناكرێت به‌یه‌ك چاو سه‌یری هه‌موو تاكه‌كانی ناو حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان بكرێت، چونكه‌ هه‌ندێكیان خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌ی باش بون، هه‌ندێكشیان به‌ ڕۆحیه‌تی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد به‌بۆچونی من ده‌بێت به‌پێی هه‌لومه‌رجه‌كه‌ مامه‌ڵه‌ بكرێت نه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه‌ چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پاپۆڕێكه‌ كه‌ نوقم بوو هه‌موو پێكه‌وه‌ نوقم ده‌بێت ناپرسێت حیزبی(ا، ب .... هتد) ."
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی وه‌ك په‌رله‌مانتارێك كه‌ سێ خوله‌ له‌په‌رله‌مانی چۆنه‌ چاوه‌ڕێیی ڕێكه‌وتنی حیزبه‌كان ده‌كه‌ن بۆ كوبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئایا ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌نیه‌ په‌رله‌مان له‌ژێر ڕكێفی حیزبه‌؟
به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد" له‌هه‌موو دنیا وایه‌، له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ ئه‌گه‌ر شاره‌زابن، سویده‌... هه‌موو وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و دنیا هه‌تا تا ڕاده‌یه‌ك لای ئێمه‌ دیموكراسیتره‌ "ئه‌ویش په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ واقیعی هه‌رێمی كوردستان" كه‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی ئه‌گه‌ر توانی حكومه‌ت پێكبهێنێت ناوه‌ستێت له‌ڕێی حیزبه‌كانی تر ."
وتیشی" لای ئێمه‌ "هه‌ڵه‌" خه‌ڵكیان تێگه‌یاندووه‌ كه‌ حزب نابێت ده‌ست وه‌رداته‌ كاروباری په‌رله‌مان "ئه‌سڵه‌ن" كه‌هه‌ڵبژاردن كرا ده‌بێت حیزب وه‌لا بنرێت، حزب و فراكسیۆن له‌ناو په‌رله‌مان ببێت به‌یه‌ك و سه‌رۆك حزبه‌كان خۆیان ده‌بنه‌ ئه‌ندامی فراكسیۆنه‌كانیان.