Error: No articles to display

قوباد تاڵه‌بانی: دۆخى ئابوورى و دارایى کوردستان به‌ره‌و باشى ده‌ڕوات

ئاب 25, 2018
به‌یانیى ڕۆژى شه‌ممه‌ 25ى ئابى 2018، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سه‌ردانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ى کرد و له‌ چۆنیه‌تیى به‌ڕێوه‌چوونى ئه‌و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ى کۆڵییه‌وه‌ که‌ له‌ بواره‌کانى ئاو و ئاوه‌ڕۆ، کاره‌با، زانکۆ و دروستکردنى بیناى حکوومى له‌سنورى پارێزگاکه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
 
دواتر و له‌میانى کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا، قوباد تاڵه‌بانى  ووتى : "چه‌ند پرۆژه‌یه‌ک به‌سه‌رده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ گرنگن بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌، به‌شێکن له‌ژێرخانى خزمه‌تگوزارى و ژێرخانى حکوومى له‌م ناوچه‌یه‌. خۆتان ده‌زانن هه‌ڵه‌بجه‌ زۆر نییه‌ بووه‌ته‌ پارێزگا و هه‌میشه‌ش ووتوومه‌ ده‌رکردنى بڕیارى به‌پارێزگابونى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌شه‌ ئاسانه‌که‌یه‌تی، به‌ڵکو به‌ڕێوه‌بردن، به‌دامه‌زراوه‌یى کردن و دروستکردنى ژێرخانێکى ڕاسته‌قینه‌ که‌ شایسته‌ى خه‌ڵکه‌ به‌شه‌ره‌فه‌که‌ى ئه‌م ناوچه‌یه‌ بێت، ئه‌رکه‌ قورسه‌که‌یه‌. من ده‌ستخۆشى له‌حکوومه‌تى خۆجێیى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌که‌م که‌ توانیویانه‌ ئیشى باش بکه‌ن ئێستا خۆشحاڵیشین که‌ به‌ره‌به‌ره‌ پرۆژه‌ ده‌ست پێ کراوه‌، له‌وانه‌ پرۆژه‌ى ئاوه‌ڕۆ، زانکۆ، بیناى حکوومی، پرۆژه‌ى ئاو و کاره‌با، پرۆژه‌ى تریش به‌ڕێوه‌یه‌ بۆ خه‌ڵکى ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ تاکو ئه‌و خه‌ونه‌ى که‌هه‌موومان هه‌مانبوو له‌کاتى به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌، بێته‌ دی".
 
له‌باره‌ى ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى پرۆژه‌کان و دابینکردنى بودجه‌ بۆیان و هاوکاریکردنى به‌ڵێنده‌ران، جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران ڕایگه‌یاند "ئێستا دۆخى ئابوورى و دارایى کوردستان و تواناى حکوومه‌تى هه‌رێم به‌ره‌و باشى ده‌ڕوات تاڕاده‌یه‌ک توانیومانه‌ به‌شێک له‌ کێشه‌ى مووچه‌ى مووچه‌خۆران چاره‌سه‌ر بکه‌ین که‌ هێشتا له‌ئاست خواستى ئێمه‌دا نیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى که‌ هه‌شه‌ ده‌بێ چاره‌سه‌ر بکرێت و ده‌بێ ئاوڕێکیش له‌ به‌ڵێنده‌ر و وه‌به‌رهێنه‌ره‌کانمان بده‌ینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کانى په‌یوه‌ندیدار به‌ ژیانى خه‌ڵکه‌وه‌ وه‌ک ئاو، کاره‌با، خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ ئه‌وله‌ویه‌تیان پێ بدرێت تا به‌ شێوه‌یه‌کى ڕاسته‌قینه‌ ئه‌و ژێرخانه‌ى کوردستان پێویستییه‌تی، دروست بکرێ و خزمه‌تێکى باشتر بگه‌یه‌نرێته‌ کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى کوردستان".
 
له‌ وه‌ڵامى پرسیارى په‌یامنێراندا بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌ى که‌ قوباد تاڵه‌بانى داویه‌تى بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى کۆمه‌ڵێک فه‌رمانگه‌ى فیدراڵى بۆ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و پلانى داهاتوو بۆ کارکردن له‌ پارێزگاکه‌دا، ئاشکراى کرد "که‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ پارێزگا، نامانه‌وێ هه‌ر به‌ناو بێت، به‌ڵکو ده‌مانه‌وێ به‌ شێوه‌یه‌کى ڕاسته‌قینه‌ ببێت به‌دام و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌یی، پارێزگا بێت، بۆیه‌ به‌شێک له‌وه‌ش پێویستى به‌وه‌یه‌ ئه‌و دام و ده‌زگایانه‌ى سه‌ر به‌حکوومه‌تى فیدراڵن لێره‌ نوسینگه‌یان هه‌بێت تا ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ى به‌پێى ڕێنماییه‌کانى حکوومه‌تى فیدراڵه‌وه‌ ده‌درێ به‌هاوڵاتیان، به‌ باشترین شێواز جێبه‌جێ بکرێت".