له‌سلێمانى بۆجارى دووه‌م سه‌مونخانه‌یه‌ک داده‌خه‌ن

شوبات 15, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌سه‌ر هه‌بونى سکاڵاى هاوڵاتیان و پابه‌ندنه‌بون به‌ مه‌رج و رێنماییه‌کانى کارکردن، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى بۆ دووه‌مجار سه‌مونخانه‌یه‌ک له‌ سلێمانى داده‌خات.

گۆران قادر، سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى رایگه‌یاند: پاش ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ ئاگادار کراینه‌وه‌ له‌ هه‌بونى بڕێکى زۆر هه‌ویرى خراپ بوو له‌سه‌رشه‌قامه‌که‌و به‌رده‌م سه‌مونخانه‌که‌ی، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان سه‌ردانى شوێنه‌که‌یان کرد و ده‌رکه‌وت شوێنه‌که‌ پابه‌ندى مه‌رج و رێنمایه‌کانى کارکردن نه‌بووه‌ بۆیه‌ داده‌خرێت.

وتی : پێشتر ئه‌م سه‌مونخانه‌ له‌ گه‌ڕه‌کى به‌ختیارى کاریکردوه‌، به‌ڵام به‌هۆى پابه‌ندنه‌بون به‌ مه‌رج و رێنمایه‌کانى کارکردن به‌گشتى و ته‌ندروستى به‌تایبه‌تى له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانیه‌وه‌ داخراوه‌، ئێستا گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ گه‌ڕه‌کى مامۆستایان و به‌رله‌ ده‌رهێنانى مۆڵه‌تى کارکردن و هه‌ڵواسنى تابلۆى ناوى سه‌مونخانه‌که‌ کاریکرده‌وه‌ که‌ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى رێنماییه‌کانى کارکردنه‌.

وتیشی : له‌ فڕنى سه‌مونخانه‌که‌دا ده‌ست به‌سه‌ر بڕیکى زۆر شیر، ئارد و ئه‌و پێداویستیانه‌ى له‌ دروستکردنى کێک و شیرینیدا به‌کارده‌هێنرێت گیراوه‌ که‌ ماوه‌یان به‌سه‌ر چووه‌ یاخود کرم و ئه‌سپێى هه‌ڵهێناوه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌و سینى و ده‌فرانه‌ى بۆ برژاندنى هه‌ویره‌کانى له‌ فڕنه‌که‌دا به‌کارى هێناوه‌، مه‌رجى ته‌ندروستى تێدانه‌بووه‌ و به‌شێکى زۆریان ژه‌نگى کردوه‌، که‌زیانى بۆسه‌ر ته‌ندروستى مرڤ هه‌یه‌.

سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد؛ به‌فه‌رمانى قائیمقامى سلێمانى و له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانه‌وه‌ سه‌مونخانه‌که‌ داده‌خرێت و خاوه‌نه‌که‌شى روبه‌روى رێکارى یاسایى ده‌کرێته‌وه‌.

راشیگه‌یاند : رۆژانه‌ له‌ڕێى ژماره‌ مۆبایلى (07708677777) یاخود له‌ڕێى تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووک و لاپه‌ڕه‌ى (قائیمقامیه‌تى سلێمانی)‌ ژماره‌یه‌کى زۆر سکاڵا ده‌گاته‌ ده‌ستى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانی، لیژنه‌کانیش له‌به‌ره‌به‌یانێکى زووه‌وه‌ تا دره‌نگانێکى شه‌و سه‌ردانى بازاێ‌ و شوێنه‌گشتیه‌کان ده‌که‌ن، به‌دواداچونیش بۆ سکاڵاى هاوڵاتیان ده‌که‌ن و له‌کاتى هه‌بونى سه‌رپێچیدا شوێنه‌که‌ و خاوه‌نه‌که‌ى روبه‌روى رێکارى یاسایى ده‌که‌نه‌وه‌.