به‌هۆى ناسه‌قامگیری ناوچه‌کانیان پڕۆسه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى هه‌رێم که‌مه‌

شوبات 15, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ ساڵى 2018 له‌کۆى نزیکه‌ى ملیۆنێک و 500 هه‌زار ئاواره‌ى ناوخۆیى عێراق و په‌نابه‌رى سوریاى نیشته‌جێى هه‌رێمى کوردستان، ته‌نیا 32 هه‌زار که‌س بۆ شوێنى خۆیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، یان بۆ ده‌ره‌وه‌ کۆچیان کردووه‌.

هۆشه‌نگ محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌یرانه‌کان له‌ لێدوانێکدا رایگه‌یاند به‌هۆى به‌رده‌وامبوونى ناسه‌قامگیرى، به‌رده‌وامبوونى چالاکیى تیرۆرستى و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى له‌ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان له‌ عێراق و شه‌ڕ و ئاڵۆزى له‌ سوریا، پڕۆسه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران زۆر که‌مبووه‌ و ته‌نها 27671 ئاواره‌ و 4380 په‌نابه‌رى سوریا له‌ ساڵى 2018 هه‌رێمى کوردستانیان به‌جێهشتووه‌.

به‌ پێى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌یرانه‌کان، "سیاسه‌تى مرۆیى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رامبه‌ر ئاواره‌ وپه‌نابه‌ران، دابینکردنى ئاسایش و پاراستن و خزمه‌تگوزارییه‌کان و پێدانى مۆڵه‌تى خوێندن و هه‌لى کاره‌ بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران به‌بێ جیاوازى نه‌ته‌وه‌یى، ئایینی، بیروباوه‌ڕى سیاسى، مه‌زهه‌بى".

هوشه‌نگ محه‌مه‌د له‌ باره‌ى ژماره‌ى ئاواره‌ وپه‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى کوردستان ووتی: "سه‌ره‌ڕاى راگه‌یاندنى سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر رێکخراوى تیرۆرستى داعش له‌ عێراق، هێشتا 1,411,532 که‌س، له‌وانه‌ 1,127,400 ئاواره‌ و 249,639 په‌نابه‌رى سوریا له‌ هه‌رێمى کوردستان ماون.

 

زانیارى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ بخوێنه‌وه‌ ...