داوا له‌هاوڵاتیان ده‌کرێ ئاوى خواردنه‌وه‌ى به‌رتیشکى خۆر نه‌کڕن

شوبات 16, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌هۆى زوو تێکچونى پێکهاته‌که‌ی، له‌باره‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌ى له‌ده‌به‌نراو هۆشدارى ده‌درێت و سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان داوا له‌هاوڵاتیان ده‌کات ئاوى خواردنه‌وه‌ى به‌رتیشکى خۆر نه‌کڕن.

گۆران قادر، سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان رایگه‌یاند: به‌هۆى تیشکى خۆره‌وه‌ کارلێک کردن له‌نێوان ده‌به‌ى پلاستیک و ئه‌و ئاوه‌ى بۆ خواردنه‌وه‌ تێى ده‌که‌ن، پێکهاته‌که‌ زوو ده‌گۆڕێت شیاوى خواردنه‌وه‌ى نامێنێت بۆیه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان ئاگادارى سه‌رجه‌م کارگه‌کانى کردۆته‌وه‌ له‌کاتى گواستنه‌وه‌یدا به‌ته‌واوى داپۆشراوبن و ده‌به‌ و ئاوه‌که‌ى ناوى دوربن له‌ تیشکى خۆر.

وتی: به‌هاوکارى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان رێگرى له‌و بارهه‌ڵگرانه‌ ده‌کات به‌ سه‌ردانه‌پۆشراوى له‌کارگه‌کان یاخود له‌ کۆگاکانى عه‌مبارکردنه‌وه‌‌ ئاوى خواردنه‌وه‌ى له‌ده‌به‌نراو ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ بازاێ‌ و چێشتخانه‌و مارکێته‌کان، ده‌ست به‌سه‌ردا ئوتۆمبیله‌که‌دا ده‌گرێت.


وتیشی: پێشتریش دوکان و مارکێته‌کان ئاگادار کراونه‌ته‌وه‌ له‌کاتى عه‌مبارکردندا نابێت خواردن و خواردنه‌وه‌کان له‌به‌ر تیشکى خۆر دابنرێت، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ ئاوى خواردنه‌وه‌ى له‌ده‌به‌نراو له‌به‌رئه‌وه‌ى پێش واده‌ى به‌سه‌رچونیان زوو خراپ ده‌بن و زیان بۆسه‌ر ته‌ندروستى مرۆڤ دروست ده‌که‌ن.

ئه‌وه‌ى رونکرده‌وه‌: هه‌رکارگه‌، بارهه‌ڵگر، مارکێت و شوێنێک پابه‌ند نه‌بێت و ئاوى خواردنه‌وه‌ى له‌ده‌به‌نراو له‌به‌رتیشکى خۆر دابنێت به‌فه‌رمانى قائیمقامى سلێمانى رێکارى یاسایى پێویست به‌رامبه‌ریان ده‌گریێته‌ به‌ر.

سه‌رۆکى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کان داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌کات: له‌کاتى کڕینى ئاوى خواردنه‌وه‌دا هه‌ر مارکێتێک ئاوى خواردنه‌وه‌ى له‌ده‌به‌نراوى له‌به‌ر تیشکى خۆر دانابوو لێى نه‌کڕن، ته‌نها له‌و شوێن و مارکێتانه‌ ئاوى خواردنه‌وه‌ بکڕن که‌ ئاوه‌که‌یان له‌ جێگاى تایبه‌تدا داناوه‌.