Error: No articles to display

پۆلیسى هه‌ولێر : پلانى ئه‌منی رۆژانى جه‌ژن سه‌رکه‌وتوو بوو

ئاب 25, 2018

 

یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، ئه‌و پلانه‌ ئه‌منییه‌ى به‌ هاوئاهه‌نگیى ئاسایش و هێزه‌ ته‌ناهییه‌کانى دیکه‌ بۆ ڕۆژانى جه‌ژن دایانڕشتبوو، 100% سه‌رکه‌وتوو بوو و هیچ حاڵه‌تێکى نه‌خوازراو ڕووى نه‌داوه‌.
 
عه‌مید عه‌بدولقادر محه‌مه‌د حه‌سه‌ن، یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى هه‌ولێر، له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا راگه‌یاند: چه‌ند رۆژێک به‌ر له‌ جه‌ژنى قوربان، به‌ هه‌ماهه‌نگیى ئاسایش، پۆلیسى هاتوچۆ، به‌رگریى شارستانی، چالاکییه‌ مه‌ده‌نییه‌کان، فریاکه‌وتن، نه‌هێشتنى تاوان و هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى تر، پلانێکى ئه‌منیى تۆکمه‌یان داڕشتبوو بۆ پارێزگاریکردن له‌ سه‌روماڵى هاووڵاتیان و گه‌شتیارانیش.
 
یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى هه‌ولێر، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش کرد، له‌ ڕۆژانى جه‌ژندا، هیچ حاڵه‌تێکى نه‌خوازراوى نایاسایى ڕووى نه‌داوه‌ که‌ جێى باسکردن بێت.
 
وه‌ک عه‌مید عه‌بدولقادر  ووتی، له‌ هه‌ر چوار رۆژى جه‌ژندا، ته‌نیا یه‌ک حاڵه‌تى شه‌ڕکردنى ئاسایى هه‌بووه‌ و دواتر سکاڵا تۆمار کراوه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش ڕێوشوێنى پێویستى یاسایى گیراوه‌ته‌ به‌ر.
 
عه‌مید عه‌بدولقادر:" ئه‌و پلانه‌ ئه‌منییه‌ى که‌ دامانڕشتبوو، 100% سه‌رکه‌وتوو بوو، هاونیشتمانیانیش هاوکار بوون و خۆشبه‌ختانه‌ په‌یوه‌ندییه‌کى پته‌و له‌ نێوان هاووڵاتیان و هێزه‌ ئه‌منییه‌کاندا هه‌یه‌، تا ئه‌و ئه‌من و ئاسایشه‌ى له‌ پایته‌ختدا هه‌یه‌، به‌رقه‌رار بێت".