مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

دیندار زێباری: راگیراوانى رووداوى شێلادزێ قابیلى ئازاد کردن به‌که‌فاله‌ت نین

شوبات 17, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌ مه‌به‌ستى ئیدانه‌ کردنى بۆردومانى فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانى تورکیا و ئه‌و زه‌ره‌ر و زیانى گیانى و ماددیانه‌ى به‌ر هاوڵاتیانى ناوچه‌ سنووریه‌کان ده‌که‌وێت، له‌ ڕۆژى 26-1-2019خۆپیشاندانێک له‌ ناحیه‌ى شیلادزێى سه‌ر به‌ قه‌زاى ئامێدى ئه‌نجامدرا، به‌ڵام دواتر خۆپیشاندانه‌که‌ به‌ هاندانى هه‌ندێک له‌ به‌شداربووان ئاراسته‌که‌ى گۆڕا وتوندوتیژى لێکه‌وته‌وه‌ و زیانى گیانى و ماددیشى به‌دواى خۆیدا هێنا، هه‌روه‌ها هه‌ندێک له‌ میدیاکان هه‌واڵى نادروستیان ده‌رباره‌ى رووداوه‌کان و ئه‌و رێوشوێنانه‌ى ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم گرتیه‌ به‌ر بۆ هێورکردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌که‌ بڵاوکرده‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌م رووداوانه‌ د. دیندار زێبارى رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ وه‌ڵامى چه‌ند رێکخراو و میدیاى نێوده‌وڵه‌تى که‌ راپۆرتیان ده‌رباره‌ى رووداوه‌کان بڵاوکردۆته‌وه‌ رایگه‌یاند: له‌ رۆژانى 23-25 /1/2019 له‌ ئه‌نجامى بۆردومانى فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنووریه‌کان له‌ ده‌ڤه‌رى ئامێدى (4) هاوڵاتیى سڤیلى شیلادزێ شه‌هید بوون، بۆ ئیدانه‌ کردنى ئه‌م بۆردومانه‌ رۆژى 26-1-2019 نزیکه‌ى (400) هاووڵاتى ده‌ڤه‌ره‌که‌ به‌ گشت پێکهاته‌کانییه‌وه‌ خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامدا و داوایان کرد که‌ تورکیا و پ. ک .ک ململانێکانى خۆیان ببنه‌وه‌ تورکیا و چیتر هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان نه‌بنه‌ قوربانى ئه‌و ململانێیه‌، به‌ڵام چه‌ند که‌سێکى گێره‌شێوێن که‌ ئه‌جنداى سیاسییان له‌ پشت بوو، هاووڵاتییانیان هاندا بۆ کارى تێکده‌رانه‌ و له‌ ئه‌نجامدا خۆپیشاندانه‌که‌ توندوتیژیى لێکه‌وته‌وه‌ و زیانى گیانى و ماددیشى هه‌بوو که‌سێک گیانى له‌ ده‌ستدا و (11) دیکه‌ش برینداربوون هه‌روه‌ها (2) کارمه‌ندى پۆلیسیش بریندار بوون.

دیندار زێبارى له‌ درێژه‌ى لێدوانه‌که‌یه‌دا وتی: بۆ رێگه‌گرتن له‌و توندوتیژییه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسى شێلادزێ (13) که‌س به‌ فه‌رمانى دادوه‌ر ده‌ستگیر کراون به‌پێى مادده‌ى (165) له‌ یاساى سزادانى عێراقى که‌ هانى کارى تێکده‌رانه‌ و توندوتیژییان ده‌دا له‌ هه‌مان کاتدا سه‌ر به‌ چه‌ند لایه‌نێکى سیاسى دیاریکراون، راگیراوه‌کان له‌ کاتى لێکۆڵینه‌وه‌ دانیان به‌وه‌ ناوه‌ که‌ هاووڵاتیانیان هانداوه‌ بۆ توندوتیژى دژى داموده‌زگاکانى حکومه‌ت و بنکه‌ سه‌ربازییه‌کان، ئێستا ئه‌و که‌سانه‌ له‌ بنکه‌ى پۆلیسى شێلادزێ راگیراون و گشت مافه‌کانیان هه‌یه‌ وه‌ک بوونى پارێزه‌ر و سه‌ردانى خزم و که‌س و رێکخراوه‌کان، به‌ڵام ئازاد نه‌کردنیان به‌ که‌فاله‌ت بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ مادده‌ى (165) مادده‌یه‌کى یاسایى (جیناییه‌) و هه‌ر که‌سێک به‌م مادده‌یه‌ ده‌ستگیر بکرێت، ناتوانرێت به‌ که‌فاله‌ت ئازاد بکرێت، پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بکرێت که‌ گشت راگیراوه‌کان به‌ فه‌رمانى دادوه‌ر ده‌ستگیرکراون و لێکۆڵینه‌وه‌کان له‌ بنکه‌ى پۆلیس ئه‌نجامدراوه‌ و ته‌نیا دادوه‌ر بۆى هه‌یه‌ بڕیارى گۆڕینى مادده‌که‌ بدات و ئازادیان بکات، تا ئێستاش لێکۆڵینه‌وه‌کان له‌ که‌یسه‌که‌ به‌رده‌وامه‌.

رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ هه‌واڵى ده‌ستگیر کردنى چه‌ند چالاکوانێک له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى دهۆکه‌وه‌ وتی: دوو رۆژ دواى روودواوه‌کانى شێلادزێ پۆلیسى دهۆک به‌ فه‌رمانى دادوه‌ر (56) که‌سى ده‌ستگیرکرد دواتر به‌ که‌فاله‌ت ئازاد کران، به‌ڵام (5) که‌س له‌وانه‌ که‌ (3)یان له‌ ده‌ره‌وه‌ى شارى دهۆک هاتبوون به‌پێى مادده‌ی( 165) راگیراون، چونکه‌ کاریان کردووه‌ بۆ نانه‌وه‌ى پشێوى و ئاژاوه‌ و ئه‌نجامدانى کارى توندوتیژى و داڕشتنى پلانى تێکده‌رانه‌ دژى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی، به‌ بیانووى پشتیوانى کردن له‌ خۆپیشاندانه‌که‌ى شێلادزێ که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا خۆپیشاندانێکى مه‌ده‌نى و ئاشتیخوازانه‌ بوو.

سه‌باره‌ت به‌و که‌سانه‌ى که‌ له‌ شارى دهۆک ده‌ستگیرکراون دیندار زێبارى وتی: ئه‌و راگیراوانه‌ دانیان به‌وه‌ ناوه‌ هانى ئه‌نجامدانى کارى توندوتیژى و نانه‌وه‌ى ئاژاوه‌یان داوه‌ له‌ شارى دهۆک و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ندێکیان له‌ شاره‌کانى دیکه‌وه‌ چووبوونه‌ دهۆک، هه‌روه‌ها به‌شێکیان پێشتر به‌ چه‌ند مادده‌یه‌کى دیکه‌ حوکمدراون واته‌ پێشینه‌یان هه‌یه‌ و یه‌که‌م جاریان نییه‌ ده‌ستگیر بکرێن.

له‌ کۆتایى لێدوانه‌که‌یدا د.دیندار زێبارى رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان تیشکى خسته‌ سه‌ر گرنگى رۆڵى راگه‌یاندن و وتی: له‌ هه‌رێمى کوردستان ئازادیى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ڕاده‌ربڕین به‌پێى یاسا ڕێک خراوه‌ و له‌ کاتى بوونى هه‌ر حاڵه‌تێک که‌ دژ به‌ ڕێنماییه‌کانى ڕۆژنامه‌گه‌رى له‌ هه‌رێمى کوردستان ئه‌وا کار به‌ یاساى سزادانى عێراق، ژماره‌ (111)ى ساڵى 1969ى هه‌موارکراو ده‌کرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ میدیاکارانیش نه‌بنه‌ هۆى تێکدانى ڕه‌وشى ئارامى و زیانگه‌یاندن به‌ موڵکى گشتى و تایبه‌ت، به‌ڵکو به‌ گیانى هه‌ست کردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌کان بکه‌ن و داخوازییه‌کانى خه‌ڵک وه‌کو خۆى به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بگه‌یه‌نن.