قوباد تاڵه‌بانی: با قۆناغى داهاتوو بکه‌ینه‌ قۆناغى بووژانه‌وه‌ى کشتوکاڵ

شوبات 18, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18 ى شوباتى 2019 ، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، له‌ هه‌ولێر به‌شدارى له‌ دیدارى هه‌ماهه‌نگیى هۆڵه‌ندا و هه‌رێمى کوردستان سه‌باره‌ت به‌ که‌رتى کشتوکاڵ و پیشه‌سازى خۆراک کرد که‌ به‌ چاودێریى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا و له‌ژێر ناونیشانى ( له‌ کێڵگه‌وه‌ بۆ سه‌ر خوان) ئه‌نجام درا.

سه‌ره‌تاى دیداره‌که‌ کونسولى گشتیى هۆڵه‌ندا باسى له‌ چۆنیه‌تیى به‌ره‌وپێشچوونى که‌رتى کشتوکاڵى و گرنگى بوژانه‌وه‌ى ئه‌و که‌رته‌ به‌ مه‌به‌ستى بنیاتنانى ئابووریه‌کى به‌هێز کرد، هه‌روه‌ها ئاماده‌یى هاوکارییکردنى هه‌رێمى کوردستانى له‌ به‌ره‌وپێشبردنى که‌رتى کشتوکاڵیدا ده‌ربڕی.

دواتر فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان وتارێکى پێشکه‌ش کرد، تێیدا ئاماژه‌ى به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان هۆڵه‌ندا و گرنگیى پته‌وکردنى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ کرد، هه‌روه‌ها سوپاسى کردن که‌ هه‌میشه‌ هاوکار و پاڵپشتى گه‌لى کورد بوونه‌. دواتر کورته‌یه‌کى له‌باره‌ى بوارى کشتوکاڵ و له‌مپه‌ره‌کانى به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچونى ئه‌و که‌رته‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان پێشکه‌ش کرد.

دواتر جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌ وتارێکدا ئاماژه‌ى به‌ گرنگیى که‌رتى کشتوکاڵ بۆ بنیاتناى ئابورییه‌کى به‌هێز و هه‌نگاوه‌کانى بره‌ودان به‌و که‌رته‌ کرد و جه‌ختیکرده‌وه‌ که‌ که‌رتێکى به‌هێزى کشتوکاڵ ته‌نها خواردن ناخاته‌ سه‌ر سفره‌کانمان، به‌ڵکو پێداویستیى بازاێ‌ دابین ده‌کات، پیشه‌سازى به‌هێز ده‌کات، ئابووریى کوردستان هه‌مه‌جۆر ده‌کات، هه‌زاره‌ها هه‌لى کار ده‌ره‌خسێنێت و ئه‌منیى قه‌ومیمان ده‌پارێزێت.

هه‌روه‌ها وتى : "نابێت هیچ دوو دڵ بین له‌ وتنى ئه‌و ڕاستیه‌ که‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئێمه‌ له‌سه‌ر خاکێکى به‌پیت ده‌ژین، که‌چى له‌برى ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ و نمونه‌یه‌کى باشى ده‌وروبه‌ر بین، خۆمان گه‌وره‌ترین هاورده‌کار و به‌کارهێنه‌رى به‌رهه‌مى ده‌ر و دراوسێین، ئه‌مه‌ش ته‌حه‌دایه‌کى گه‌وره‌ى به‌رده‌ممانه‌ له‌ ئێستادا و پێویست ده‌کات له‌ سه‌رمان ئه‌م دۆخه‌ بگۆڕین".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌مه‌جۆرکردنى داهاتى هه‌رێم، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ نابێت ته‌نها پشت به‌ نه‌وت ببه‌ستین و وتى "ڕاسته‌ ئێمه‌ له‌په‌نا کشتوکاڵدا خاون سامانى نه‌وت و گاز و چه‌ندین کانزاى ترى به‌نرخین، به‌ڵام شتێکى شاراوه‌ نییه‌ که‌ هه‌موو ئه‌و ئابورییانه‌ى ته‌نیا پشتیان به‌ سامانه‌ سروشتییه‌کان به‌ستووه‌، ئابورییه‌کى نه‌خۆش و لاوازن و به‌رگه‌ى قه‌یرانه‌کان ناگرن".

قوباد تاڵه‌بانى له‌ به‌رده‌وامیى وته‌که‌یدا وتى "ده‌بێت سه‌رمایه‌دار هان بدرێت بۆ وه‌به‌رهێنانیان له‌ کێڵگه‌ى کشتوکاڵ، نه‌ک ته‌نها له‌ کێڵگه‌ى نه‌وت. کشتوکاڵ بۆ ئێمه‌ ته‌نها سه‌رچاوه‌ى دابینکردنى خۆراک و که‌مکردنه‌وه‌ى هاورده‌کردن نییه‌، به‌ڵکو زه‌مینه‌ و فاکته‌رى پێشکه‌وتنى پیشه‌سازیشه‌. ئه‌گه‌ر نه‌توانین که‌رتى کشتوکاڵ پێشبخه‌ین، ئه‌وا ناتوانین که‌رتى پیشه‌سازیش پێشبخه‌ین، له‌و حاڵه‌ته‌شدا ناتوانین ببینه‌ خاوه‌ن ئابورییه‌کى به‌هێز و ده‌بێت قۆناغى داهاتوو بکه‌ینه‌ قۆناغى بووژانه‌وه‌ى کشتوکاڵ که‌ ده‌کاته‌ گه‌شه‌پێدانى ئابوری".

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌هه‌نگاوه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێم دا و وتى "هه‌رچه‌نده‌ له‌ کابینه‌ى هه‌شته‌مدا سه‌ره‌ڕاى قه‌یرانه‌کان و شه‌ڕى داعش، هه‌نگاومان بۆ پاراستنى به‌روبوومى خۆماڵى ناوه‌ و به‌رهه‌مى خۆماڵى به‌ به‌وراورد به‌ ساڵانى رابردوو زیادى کرد، به‌ڵام له‌ ئاستى چاوه‌ڕوانیمان نه‌بوو".

له‌ کۆتاییدا جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى حکوومه‌تى هۆڵه‌ندا و کۆنسوڵخانه‌ى هۆڵه‌نداى له‌ هه‌رێمى کوردستان کرد که‌ خه‌مخۆرانه‌ گرنگى به‌ که‌رتى کشتوکاڵ و پیشه‌سازیى خۆراک له‌ هه‌رێم ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها سوپاسى زانکۆى ڤاخنینگنى کرد و گوتی"پێموایه‌ توێژینه‌وه‌کانى ئه‌و زانکۆیه‌ بناغه‌یه‌کى پته‌وه‌ بۆ بووژانه‌وه‌ى که‌رتى کشتوکاڵ له‌ هه‌رێمى کوردستان و داوایان لێ ده‌که‌م له‌ داهاتووشدا به‌رده‌وام بن له‌ یارمه‌تیدانى حکوومه‌تى هه‌رێم و خه‌ڵکى کوردستان".