به‌تۆمه‌تى بڕینى دارى دارستانه‌کان 3 که‌س ده‌ستگیر ده‌کرێن

شوبات 18, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئاشکرایه‌ دارى دارستانه‌کان سیمایه‌کى جوانى به‌خشیوه‌ به‌سروشتى کوردستان و جگه‌ له‌وانه‌ په‌ناگه‌یه‌کى باشه‌ بۆ ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ کێویه‌کان ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرێک له‌ هاووڵاتیان پابه‌ند نابن به‌ڕێنماییه‌کانى پۆلیسى دارستان و دارى دارستانه‌کان ده‌بڕن ، به‌لام خۆشبه‌ختانه‌ و به‌هۆى به‌رده‌وامى و هه‌بوونى مه‌فره‌زه‌کانى پۆلیسى دارستان به‌شێوه‌یه‌کى باش ڕێگرى له‌ سه‌رپێچیکاران ده‌که‌ن و ڕوبه‌ڕوى یاسا یان ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ (3) تۆمه‌تبار ده‌ستگیرکران .

له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌مید هێمن کمرخان به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان وژینگه‌ى سلێمانى ڕایگه‌یاند : نیگه‌رانین له‌وه‌ى هه‌ندێک له‌ هاوولاتیان بێ هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسیارێتى ده‌بنه‌ هۆى زیان گه‌یاندن به‌ سروشت و ژینگه‌ى کوردستان ، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ به‌هۆى ئه‌رک و ماندوو بوون و شه‌ونخونى ئه‌فسه‌رو کارمه‌ندانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان له‌سه‌رجه‌م به‌ش و بنکه‌کانمان توانراوه‌ ڕێگریه‌کى زۆر باش له‌و دیارده‌یه‌ بکرێت و سه‌رپێچیکارانیش ڕووبه‌ڕوى یاسا بکرێنه‌وه‌.

ئاماژه‌شى به‌وه‌کرد که‌مه‌فره‌زه‌کانى به‌شى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى (سلێمانى ) له‌ ده‌رچونێکى مه‌یدانیاندا توانراوه‌ (3) هاووڵاتى له‌سه‌ر دیارده‌ى داربڕین و خه‌ڵوز کردن ده‌ستگیربکرێن و هاوکات ده‌ست بگیرێت به‌سه‌ر ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ دارى سروشتى بڕدراو ته‌مه‌ن جیاوازدا وه‌ ده‌ست به‌سه‌راگرتنى زیاتر له‌ (25) بیست و پێنج فه‌رده‌ خه‌ڵوزدا .

هه‌روه‌ها په‌ڕاوى لێکۆڵینه‌وه‌ بۆ ده‌ستگیرکراوه‌کان کراوه‌ته‌وه‌ ڕووبه‌ڕوى یاساکــراونه‌ته‌وه‌ .

به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان وژینگه‌ى سلێمانى جارێکى تر داواى له‌ هاووڵاتیان کرد که‌ له‌پێناو پاراستنى سروشت و ژینگه‌ى کوردستان دا پێویسته‌ هه‌موان پابه‌ندبین به‌ڕێنمایه‌کانى پۆلیسى دارستان .