ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانى کوردستان هه‌ڵبژێردرا

شوبات 18, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


کاتژمێر 3ى پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 18-2-2019، به‌سه‌رۆکایه‌تیى رێڤنگ محه‌مه‌د هرورى، به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامى خولى هه‌ڵبژاردنى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى کوردستان، وه‌ک سه‌رۆکى یه‌که‌مین دانیشتنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مان، به‌بێ ئاماده‌بوونى فراکسیۆنى یه‌کێتیى نیشتیمانیى کوردستان، ته‌واوکردنى دانیشتنى یه‌که‌مى خولى پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان که‌ به‌کراوه‌یى هێڵدرابۆوه‌، به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن سه‌رۆکى دانیشتنه‌که‌وه‌ به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ خوێندرایه‌وه‌ و‌ به‌پێى خاڵى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى کار له‌ شوێنى هه‌ریه‌ک له‌ "شه‌عبان عه‌لى شه‌عبان"، له‌ فرکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان، پاڵیوارو "زێدان ره‌شید خانه‌وده‌ل" و له‌شوێنى "شاسوار عه‌بدولواحید قادر"، له‌ فراکسیۆنى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ، "سیروان فه‌ره‌ج محه‌مه‌د"، سوێندى یاساییان خوارد.

دواتر ده‌رگاى خۆپاڵاوتن بۆ پۆسته‌کانى سه‌رۆک ‌و جێگرانى یه‌که‌م و دووه‌مى سه‌رۆکى په‌رله‌مان کرایه‌وه‌، کاندیدى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ پۆستى سه‌رۆکى په‌رله‌مان "د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم" بوو، که‌ له‌لایه‌ن فراکسیۆنى پارتییه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌کى کاتى بۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌سنیشان کرا تا لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ده‌گه‌نه‌ رێککه‌وتن، کاندیدى فراکسیۆنى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ-ش بۆ ئه‌و پۆسته‌ "سیپان سالم حه‌سه‌ن" بوو، هه‌روه‌ها کاندیدى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ پۆستى جێگرى یه‌که‌مى سه‌رۆکى په‌رله‌مانیش "هێمن ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ صالح هه‌ورامی" بوو، کاندیدى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ-ش "کاوه‌ عوبدولقادر حه‌سه‌ن" بوو، بۆ پۆستى جێگرى دوومى سه‌رۆکى په‌رله‌مانیش کاندیدى پێکهاته‌ى تورکمان بۆ ئه‌و پۆسته‌ "مونا نه‌بی" بوو، کاندیدى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ-ش بۆ ئه‌و پۆسته‌ "مژده‌ مه‌حمود" بوو.

پاشان له‌ پرۆسه‌یه‌کى ده‌نگدانى نهێنیدا هه‌ریه‌ک له‌ "د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم"، به‌ 63 ده‌نگ بۆ پۆستى سه‌رۆکى په‌رله‌مان ‌و "هێمن ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ صالح هه‌ورامی"، به‌ 68 ده‌نگ بۆ پۆستى جێگرى یه‌که‌مى سه‌رۆکى په‌رله‌مان ‌و "مونا نه‌بی"، به‌ 60 ده‌نگ بۆ پۆستى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردران، که‌ تیایدا 76 په‌رله‌مانتار به‌شداریى پرۆسه‌که‌یان کرد، پاشان له‌لایه‌ن سه‌رۆکى کاتیى په‌رله‌مانه‌وه‌ پیرۆزباییان لێکرا و هیواى سه‌رکه‌وتنى بۆ خواستن له‌ کاره‌کانیان و داواى له‌ده‌سته‌ى هه‌ڵبژێردراوى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان کرد بێنه‌ شوێنى خۆیان.

پاشان "د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم"، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ وته‌یه‌کى پێشکه‌شکرد ‌و تیایدا به‌ناوى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان سوپاسى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى کرد بۆ پێدانى متمانه‌ پێیان بۆ له‌ ئه‌ستۆ گرتنى ئه‌رکى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان و رایگه‌یاند: "دڵنیابن که‌ له‌و ماوه‌یه‌ى که‌ له‌ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى ده‌بین به‌شێوه‌یه‌کى بێ لایه‌نانه‌ و به‌رپرسانه‌ کارى په‌رله‌مانى ئه‌نجام ده‌ده‌ین".

هه‌ر له‌وته‌که‌یدا داواى له‌ فراکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مان کرد به‌ زووترین کات نوێنه‌رانى خۆیان بۆ لیژنه‌‌کانى په‌رله‌مان ده‌ستنیشان بکه‌ن به‌تایبه‌تى لیژنه‌ى کاروبارى یاسایى و رایگه‌یاند: "په‌رله‌مان ناتوانێ ئه‌رکه‌کانى خۆى جێبه‌جێ بکات به‌بێ لیژنه‌ى کاروبارى یاسایى بۆیه‌ داواتان لێده‌که‌ین تا رۆژى چوارشه‌مه‌ نوێنه‌ره‌کانى خۆتان بۆ لیژنه‌ى کاروبارى یاسایى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ستنیشان بکه‌ن و به‌رزى بکه‌نه‌وه‌ بۆ ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان، بۆئه‌وه‌ى به‌ زووترین کات لیژنه‌ى یاسایى دروستبکه‌ین و دواتر هه‌موو لیژنه‌کانى تریش دروست ده‌که‌ین ئه‌و کاته‌ى که‌ له‌ده‌ستچووه‌ قه‌ره‌بووى بکه‌ینه‌وه‌ و په‌رله‌مان ده‌ستبه‌کاره‌کانى بکات به‌شێوه‌یه‌ک که‌ له‌ ئاستى چاوه‌ڕوانییه‌کانى گه‌لى کوردستاندا بێت به‌هه‌موو پێکهاته‌ جیاوازییه‌کانییه‌وه‌".

به‌مجۆره‌ کۆتایى به‌ دانیشتنه‌که‌ هێنا.