قوباد تاڵه‌بانى له‌گه‌ڵ کونسوڵى هۆڵه‌ندا و ژماره‌یه‌ک سه‌رمایه‌دار کۆده‌بێته‌وه‌

شوبات 18, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18 شوباتى 2019 ، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، له‌گه‌ڵ کونسوڵى گشتى هۆڵه‌ندا و ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تیى ئه‌کادیمى ئه‌و وڵاته‌ و چه‌ند وه‌زیر و به‌رپرسێکى حکوومى و وه‌به‌رهێنى ناوخۆییدا، تاوتوێى په‌ره‌پێدانى که‌رتى کشتوکاڵى کرد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنییه‌تیى په‌ره‌پێدانى که‌رتى کشتوکاڵ له‌ هه‌رێمى کوردستان کرا و له‌مباره‌یه‌وه‌ کونسوڵى گشتیى هۆڵه‌ندا خواستى وڵاته‌که‌ى بۆ په‌ره‌پێدانى کارى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان خسته‌ڕوو به‌تایبه‌ت له‌بوارى گواستنه‌وه‌ى شاره‌زایى و ئه‌زموونى هۆڵه‌ندا و سوود بینین له‌ کێڵگه‌ کشتوکاڵییه‌کانى هه‌رێم.

هه‌ر له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا مامۆستایانى زانکۆکانى هۆڵه‌ندا چۆنییه‌تیى مامه‌ڵه‌کردنى ته‌ندروستیان له‌گه‌ڵ که‌رتى کشتوکاڵ خسته‌ڕوو به‌تایبه‌ت ئیداره‌دانى زانستیانه‌ى سامانى ئاو که‌ پایه‌ى سه‌ره‌کیى کشتوکاڵکردنه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران ئاشکراى کرد که‌ بڕیاریان ئه‌وه‌یه‌ بۆ داهاتوو که‌رتى کشتوکاڵ بخه‌نه‌ کاره‌ له‌پێشینه‌کانیان له‌پێناو پاراستنى ئاسایشى خۆراک و نه‌ته‌وه‌یی، ڕه‌خساندنى هه‌لى کار و کۆتاییهێنان به‌پشت به‌ستن به‌یه‌ک سه‌رچاوه‌ى داهات که‌ سامانى سروشتییه‌.