مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

دیندار زێباری: پێویستە یوئێن رۆڵی هەبێت بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچە دابڕاوەكان

شوبات 20, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عيراق رۆژی ١٣ی شوباتی ٢٠١٩ راپۆرتی وەرزی خۆی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد. ئەم راپۆرتە زیاتر جەختی خستبووە سەر  دۆخی سیاسی عێراق و ئەو پێشهات و بەرەو پێشچوونانەی کە لەم وڵاتە لە ماوەی رابردوودا بەدیهاتووە. لەم راپۆرتەدا جەخت خراوەتە سەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆی ململانی سیاسییەکانی ئەم وڵاتە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت زۆر بەهێواشی بەرێوە دەچێت. 

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم به‌ جه‌ماوه‌رنیوزی رایگەیاند "پێویستە یوئێن رۆڵێکی ئەکتیڤتر و کاراتری هەبێت لە بابەتی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغداد و هاندەر بێت بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچە دابراوەكان لەرووی گەرانەوەى سەقامگیری ئەمنی هاوبەش و دابین کردنی خزمەتگوزاری چوونکە یونامی لایەنێکی گرینگە لە چاودێری نیودەولەتی بۆ پروسەی سەرخستنی سەقامگیری سیاسی لە ولات دا. کاتی خۆی لە ٣١-١٢-٢٠٠٧ ماددەی چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە دابراوەکان لە رێگای ماددەی ١٤٠ کاتەکەی درێژکرایەوە بە مەبەستی جێبەجێکردن و یوئین خۆشی لە کاتی درێژککردنەوەی ماددەکە جەختی لەسەر رۆڵی هەولێر و بەغداد کردووەتەوە لە ئاسایی کردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە و لە ئێستاشدا پێویستە زیاتر جەخت بخاتە سەر حکومەتی ناوەند بۆ جێبەجێ کردنی ئەم ماددەیە".

زێباری ئه‌وه‌ی خسته‌روو ئەوەی بابەتی سەرەکییە و بۆشایی گەورەی دروست کردووە و حەق وابوو یوئێن باسی لەسەر بکات رەوشی کەرکوک، دۆخی ئەمنی و پێکەوە ژیانە لەم شارەدا. بەگشتی نێردەی یونامی کەمتەرخەمە لەم بوارەدا و کاتی خۆشی لە کاتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ٢٠١٧ نێردەى ناوبراو بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی رووداوەکان لیژنەیەکی پێکهێنا ، بەڵام  پاش تێپەڕبوونی ساڵ و نیوێک دەرەنجامی لیژنەکەیان دیار نییە و تا ئێستاش رولێکی کارای نەبووە لە گەرانەوەى متمانە وە سەقامگێری سیاسی بۆ شارەکە. 

لەلایەکی دیکەشەوە نوێنەرى تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ووتاری خویدا باس لە گەڕانەوەی خەڵک دەکات بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە ناوچە دابراوەکان، ئەمە لە کاتێکدایە کە هۆکاری نەگەرانەوەی بەشی هەرە زورى کەمایەتییە ئاینیەکان بۆسەر ماڵ و حالی خۆیان بوونی ژمارەیەکی زۆر چەکدارى حەشدی شەعبی وە میلیشیاتی تر لە ناوچەکەدایە  کە مەترسی بۆسەر ژیانیان دروست کردووە. هەر ئەوانیشن رێگر بوونە نادەن بە گەڕانەوەی دامودەزگا حکومەییەکان بۆ ناوچەکانیان. 

لە کۆتایی لێدوایەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێم هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد "پێویستە لەمەو دوا نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان هاوسەنگی بپارێزێت لە هەلسەنگاندنیان بۆ واقعی ڕەوشی حکومڕانی لە هەرێم وە ئەو ئاستەنگانەی لە پێش هەرێم دا هەن لە یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران، دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆیان، پاراستنی دۆخی ئەمنی ناوچانە دابڕاوەکان و دووبارە بونیاتنانەوەی ئەو ناوچانەی و گەڕانەوەى خەڵک بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان.