مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

له‌که‌رکوک به‌بێ کورد ژوورى هاوبه‌شى ئۆپه‌راسیۆن پێکهێنرا

شوبات 25, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ کاتێکدا یه‌کێتى و پارتى ململانێـیانه‌ له‌سه‌ر پۆستى پارێزگارى که‌رکوک، حکومه‌تى عێراق به‌بێ به‌شداریپـێکردنى هیچ نوێنه‌رێکى ئه‌منى و سه‌ربازى کورد، ژوورى هاوبه‌شى ئۆپه‌راسیۆنه‌کانى که‌رکوکى پێکهێنا.

رێبوار ته‌ها یه‌کێک له‌ نوێنه‌رانى که‌رکوک له‌ په‌رله‌مانى عێراق، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند"ژوورى ئۆپه‌راسیۆنه‌کانى که‌رکوک ده‌بێت کوردى تێدا بێت."

وتیشى"به‌فه‌رمى داوامانکردووه‌ که‌ نوێنه‌رێکى کورد له‌نێو ژووره‌ هاوبه‌شه‌که‌دا هه‌بێت."

ژوورى ئۆپه‌راسیۆنه‌کانى که‌رکوک، له‌ هێزه‌کانى ناوخۆ و به‌رگرى عێراق له‌گه‌ڵ حه‌شدى شه‌عبى و حه‌شدى عه‌شایه‌رى پێکدێت.

سه‌عد حه‌ربیه‌، فه‌رمانده‌ى ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانى که‌رکوک، هۆکارى پێکهێنانى ژووره‌ هاوبه‌شه‌که‌ى بۆ سه‌پاندنى یاسا گێرایه‌وه‌، وتى"پێکهێنانى ژوورى ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانى که‌رکوک بۆ ئه‌وه‌یه‌، تا هه‌موو هێزه‌کان له‌ژێر یه‌ک بڕیاردا کاربکه‌ن و هه‌ماهه‌نگى هه‌بێت له‌نێوانیاندا."

پێکهێنانى ژوورى ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانى که‌رکوک بێ به‌شدارى پێکردنى کورد، له‌کاتێکدایه‌ پێشتر فه‌رمانده‌کانى پێشمه‌رگه‌ بانگه‌شه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان ده‌کرد.

نازم که‌هیه‌ رێکخه‌رى پێشوى په‌یوه‌ندیه‌کانى نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقیه‌کان، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى وت"فه‌رمانده‌ى ژوورى ئۆپه‌راسیۆنه‌ پێکهێنراوه‌که‌ى که‌رکوک، پاساوى بۆ به‌شدارى پێنه‌کردنى پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌بوو گوایه‌ مه‌سه‌له‌ى پێشمه‌رگه‌ سیاسیه‌."

وتیشى"پێکهێنانى ژوورى هاوبه‌ش سود به‌ دۆخى ئه‌منى ناگه‌یه‌نێت، داعش زیندوو بووه‌ته‌وه‌، چه‌ند شه‌وێک له‌مه‌وبه‌ر داعشێک به‌ ته‌نها ده‌مانچه‌یه‌که‌وه‌ له‌نێو که‌رکوکدا، چه‌ند سه‌ربازێکى بریندارکردووه‌ و هه‌ڵاتووه‌."

لاى خۆشیه‌وه‌، کامه‌ران که‌رکوکى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک، نه‌یشارده‌وه‌ که‌ کورد نیگه‌رانه‌ له‌ پێکهێنانى ژوورى هاوبه‌شى ئۆپه‌راسیۆنه‌کانى که‌رکوک به‌بێ کورد.