سلێمانى ... بڕێک گۆشتى سور له‌ناوده‌برێت

شوبات 25, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌هۆى سه‌ربڕینیان له‌ شه‌قام و کۆڵانه‌کان، و به‌ده‌ر له‌ ڕێنماییه‌ ڤێترنه‌رى و ته‌ندروستیه‌کان، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى ده‌ست به‌سه‌ر بڕێک گۆشتى سووردا ده‌گرن و نوێنه‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ڤێترنه‌رى رایده‌گه‌یه‌نێت گۆشته‌که‌ مه‌ترسى گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشیه‌ مرۆژه‌ڵیه‌کانى لێده‌کرێت.

ده‌روێش فه‌ره‌ج، نوێنه‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ڤێترنه‌رى سلێمانى له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان ووتی: له‌دوو رۆژى رابردوودا، له‌لایه‌ن لیژنه‌ى دووى سه‌ربه‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ند ئاژه‌ڵێکى سه‌ربراودا گیراوه‌، که‌ خاوه‌نه‌کانیان به‌ده‌ر له‌ رێنماییه‌ ڤێترنه‌رى و ته‌ندروستیه‌کان سه‌ریانده‌بڕن و له‌ شه‌قام و شارێکان، به‌هاوڵاتیانى ده‌فرۆشن.


ده‌روێش فه‌ره‌ج ووتیشی: پێشتر و چه‌ند جارێک ئه‌و گۆشتفرۆشانه‌ ئاگادار کراونه‌ته‌وه‌، که‌ ئاژه‌ڵه‌کانیان ببه‌ن بۆ کوشتارگه‌ى سلێمانى له‌پاش پشکنین و دڵنیابوونه‌وه‌ ئاژه‌ڵه‌کانیان ببڕن، پێشیان ووتراوه‌که‌ لیژنه‌کانى قائیمقامیه‌ت رێگرى له‌و گۆشتفرۆشانه‌ ده‌کات له‌ماڵه‌وه‌ یان له‌ شه‌قام و کۆڵانه‌کان ئاژه‌ڵ سه‌رده‌بڕن.

ووتیشی: ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ى له‌سه‌ر شه‌قام و شارێکاندا ده‌فرۆشرێت، پشکنینان بۆ ئه‌نجام نه‌دراوه‌ دوور له‌ رێنماییه‌کانیان سه‌رده‌برێن، هه‌روه‌ها گۆشته‌که‌ى گومانى گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌ هاوبه‌شه‌کانى نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵى لێده‌کرێت که‌ مه‌ترسى بۆسه‌ر ته‌ندروستى به‌کارهێنه‌رانى دروست ده‌کات.

نوێنه‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ڤێترنه‌رى سلێمانی، داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌کات، که‌ به‌رله‌کڕینى دڵنیابنه‌وه‌ له‌ ئه‌و مۆره‌ى به‌سه‌ر گۆشته‌که‌وه‌یه‌ له‌ هه‌بوونى گۆشتى مۆرنه‌کراو له‌ دوکانى گۆشفرۆشه‌کاندا لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌ت ئاگادار بکه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و جۆره‌ گۆشته‌ نه‌کڕن له‌شه‌قام و شاڕێکاندا ده‌فرۆشرێت.

ده‌ورێش فه‌ره‌ج ئاماژه‌ى به‌ئه‌وه‌ش کرد، به‌فه‌رمانى قائیمقامى سلێمانی، ئاژه‌ڵه‌ سه‌ربراوه‌کان ڕاده‌ستى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ڤێرته‌رنه‌رى سلێمانى ده‌کرێت، و ئه‌و ئامێر و ئه‌وکه‌لوپه‌لانه‌ى بۆکارى گۆشتفرۆشتن به‌کارده‌هێنرێت له‌لایه‌ن لیژنه‌ى له‌ناوبردنه‌وه‌ له‌ناوچه‌ى تانجه‌رۆى شارى سلێمانى له‌ناوده‌برێت، هه‌روه‌ها خاوه‌نى ئاژه‌ڵه‌کانیش رووبه‌رووى یاسا ده‌کرێته‌وه‌.