نێچیرڤان بارزانى و فرانسوا ئۆلاند کۆبونه‌وه‌

شوبات 26, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 


سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26-2-2019 ،نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز فرانسوا ئۆڵاند سه‌رکۆمارى پێشووى فه‌ره‌نسا و دۆستى گه‌لى کوردستان کرد.

له‌ دیدارێکدا که‌ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران ئاماده‌ى بوو، ئۆڵاند وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به‌م سه‌ردانه‌، پوخته‌یه‌کى ده‌رباره‌ى سه‌ردانه‌‌که‌ى و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى چه‌ند ناوچه‌یه‌کى مووسڵ و به‌شدارییان له‌ ڕێوڕه‌سمى پێشکه‌شکردنى خه‌ڵاتى شه‌هیدى ڕۆژنامه‌وان شیفا گه‌ردى پێشکه‌ش کرد، هه‌روه‌ها باسى سه‌ردانه‌که‌ى بۆ هه‌رێمى کوردستان له‌ سه‌ره‌تاى شه‌ڕى داعش و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى به‌ره‌کانى جه‌نگ له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆک بارزانى کرد‌ و ده‌ستخۆشى له‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و پێشمه‌رگه‌ کرد بۆ حه‌واندنه‌وه‌ و پاراستنى ژماره‌یه‌کى زۆرى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، جه‌ختیشى له‌ گرنگیى هه‌ماهه‌نگیى نێوان کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و عێراق و هه‌رێمى کوردستان بۆ دابینکردنى خزمه‌تگوزاریى پێویست له‌ ناوچه‌ زیانبه‌رکه‌وتووه‌کان کرده‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سوپاسى ئه‌و سه‌ردانه‌ و دۆستایه‌تیى و هاوکارییه‌ به‌رده‌وامه‌کانى فه‌ره‌نساى بۆ هه‌رێمى کوردستان له‌ کاته‌ سه‌خته‌کاندا کرد و ڕۆڵى فه‌ره‌نساى له‌ لابردنى ئابلووقه‌ى سیاسى و دیپلۆماتیى سه‌ر هه‌رێمى کوردستان به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌رکردنى به‌شێک له‌ گرفته‌کان کرد و پشتگیریى هه‌رێمى کوردستانى بۆ حکوومه‌تى به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدى و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له‌ ڕێگه‌ى گفتوگۆوه‌، دووپات کرده‌وه‌.

باسى له‌وه‌ش کرد که‌ مه‌ترسیى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش له‌ئارادایه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ ئێستا هه‌ماهه‌نگیى ‌نێوان سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستى دۆزینه‌وه‌ى میکانزمێک بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌کان، وێڕاى ئه‌وه‌ى که‌ هه‌ولێر و به‌غدا له‌ چه‌ند بوارى دیکه‌دا‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له‌ گفتوگۆدان.