ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار هۆشدارى ده‌داته‌ ژماره‌یه‌ک کۆمپانیا

شوبات 26, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێمى کوردستان هۆشدارى ده‌داته‌ کۆمپانیا گه‌شتوگوزارییه‌ خه‌یاڵییه‌کان که‌ گه‌شتیار له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق ده‌هێننه‌ هه‌رێمى کورستان و هیچ باج و رسوماتێک ناده‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات که‌ گه‌شتیاران که‌متر روو له‌ کۆمپانیا فه‌رمییه‌کان بکه‌ن.

وته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێمى کوردستان، نادر روستى وتی: "ماوه‌یه‌که‌ زانیاریمان هه‌یه‌ که‌ ژماره‌یه‌ک کۆمپانیاى وه‌همى به‌ شێوه‌ى گرووپ گه‌شتیار له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراقه‌وه‌ ده‌هێنن بۆ هه‌رێمى کوردستان و له‌ئێستادا سه‌رقاڵى رێگریکردنین له‌و بابه‌ته‌ و ئه‌و کۆمپانیایه‌ى فه‌رمیى نه‌بێت ئه‌وا رێگاى پێ نادرێت ئه‌م کاره‌ بکات".

نادر روستى وتیشی: "به‌شێک له‌ کۆمپانیاکان له‌ ژوورى بارزگانى هه‌رێمى کوردستان مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام له‌ ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار مۆڵه‌تیان وه‌رنه‌گرتووه‌، یاخود لێره‌و له‌وێ به‌سه‌رپێچى کار ده‌که‌ن و ئێمه‌ رێگرییان لێ ده‌که‌ین و شوێنه‌که‌یان پێ داده‌خه‌ین، ئه‌وانه‌یشى که‌ که‌موکوڕى له‌ مۆڵه‌ته‌که‌یان هه‌یه‌ ئه‌وا ناچاریان ده‌که‌ین که‌ که‌موکوڕییه‌کانییان چاک بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى مافى هاووڵاتییان و گه‌شتیاران پارێزراوبێت".

سه‌باره‌ت به‌ جیاوازى کۆمپانیا فه‌رمییه‌کان و کۆمپانیا خه‌یاڵییه‌کان له‌ کارکردن و چۆنیه‌تى شێوازى قۆرخکاریه‌که‌ش، نادر روستى وتی: "قۆرخکارییه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و کۆمپانیایه‌ى مۆڵه‌تى نییه‌، رسومات و باج نادات و هیچ ئه‌رکێکى له‌سه‌رشان نییه‌، به‌نرخێکى هه‌رزان گه‌شتیار ده‌هێنێته‌ هه‌رێمى کوردستان، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات گه‌شتیار روو له‌ کۆمپانیا فه‌رمییه‌کان نه‌کات و به‌مه‌ش زیانێکى زۆر به‌ر کۆمپانیا فه‌رمییه‌کان ده‌که‌وێت".

ناوبراو ئاشکرایشى ده‌کات که‌ له‌ ماوه‌ى رابردوو چه‌ند کۆمپانیایه‌ک داخراون و رێکارى یاساییان به‌رامبه‌ر گیراوه‌ته‌به‌ر و وتی: "له‌م ماوه‌یه‌دا ژماره‌یه‌ک کۆمپانیا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ سزادراون و شوێنه‌کانیان داخراوه‌، هۆشداریش دراوه‌ته‌ ژماره‌یه‌ک له‌ کۆمپانیاکان بۆ ئه‌وه‌ى که‌موکوڕییه‌کانییان چاک بکه‌ن و مۆڵه‌ت وه‌ربگرن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شوێنه‌کانیان داده‌خرێت".

سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ى کۆمپانیا گه‌شتیارییه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان، وته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێمى کوردستان، نادر روستى گوتی: "له‌ هه‌رێمى کوردستان زیاتر له‌ 400 کۆمپانیا و نووسینگه‌ى گه‌شتیارى هه‌یه‌ که‌ گه‌شتیارانى ناوخۆیى ده‌به‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وانه‌یشى که‌ گه‌شتیارى ده‌ره‌وه‌ ده‌هێننه‌ هه‌رێمى کوردستان ئه‌وا 100 کۆمپانیا ده‌بن".