Error: No articles to display

نێچیرڤان بارزانى: مه‌ککه‌ین دۆستێکى دڵسۆزى گه‌لى کوردستان بوو

ئاب 26, 2018
به‌بۆنه‌ى کۆچى دوایى سیناتۆرى ئه‌مه‌ریکى جۆن مه‌ککه‌ین، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی:
 
کۆچى دواییى سیاسه‌تمه‌دارى بلیمه‌ت و که‌سایه‌تیى دیارى ئه‌مه‌ریکا و دۆستى دڵسۆزى گه‌لى کوردستان جۆن مه‌ککه‌ین خه‌مبارى کردم. به‌م بۆنه‌ خه‌مناکه‌وه‌ له‌ دڵه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى و هاوخه‌میى قووڵم له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ى به‌ڕێزیان و دۆستانى ده‌رده‌بڕم. له‌ خواى مه‌زن داواکارم گیانى مه‌ککه‌ین به‌ به‌زه‌یى و به‌هه‌شتى خۆى شاد بکات و له‌م کاته‌ سه‌خته‌دا هاوکار و پشتیوانى خانه‌واده‌ به‌ڕێزه‌که‌ى بێت.
 
له‌ده‌ستدانى به‌ڕێز مه‌ککه‌ین بۆ گه‌لى کوردستان زیانێکى گه‌وره‌ بوو. ئه‌و دۆستێکى دڵسۆزى گه‌لى کوردستان و خه‌مخۆر و پارێزه‌رێکى سه‌رسه‌ختى به‌ده‌ستهێنان و پاراستنى مافه‌کانى بوو. له‌ هه‌موو ده‌رفه‌تێکدا ئه‌وپه‌ڕى به‌رگرى له‌ گه‌لى کوردستان و مافه‌کانى کردووه‌ و به‌رده‌وام هه‌وڵى داوه‌ به‌ مافه‌ ڕه‌واکانى بگات. گه‌لى کوردستان هه‌رگیز دڵسۆزى و پشتیوانیى به‌ڕێز مه‌ککه‌ین له‌بیر ناکات و هه‌میشه‌ ڕێز له‌ یادى ده‌نێت.
 
ڕۆحى شاد و یادى به‌خێر.
 
نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان