بڕی 25 هه‌زار دۆلار ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ که‌سێکى خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت

شوبات 26, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


پاش ئه‌وه‌ی به‌ناوی وه‌رگرتنی ڤیزاوه‌ بڕی 25 هه‌زار دۆلار (دو ده‌فته‌رو نیو دۆلار) له‌هاوڵاتییه‌کی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت وه‌رده‌گرێت‌و له‌به‌رامبه‌ردا ڤیزاکه‌ی بۆ وه‌رناگرن‌و پاره‌که‌شی بۆ ناگه‌ڕێننه‌وه‌، مه‌فره‌زه‌کانی بنکه‌ی پۆلیسی سه‌را توانیان ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ خاوه‌نه‌که‌ی بگه‌ڕێننه‌وه‌.

دوای تۆمارکردنی سکاڵای یاسایى هاوڵاتییه‌ک که‌ بڕی 25 هه‌زار دۆلاری لێوه‌رگیراوه‌ به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی ڤیزا، به‌ڵام ڤیزاکه‌ی بۆ وه‌رنه‌گیراوه‌و پاره‌که‌شی بۆ نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌، مه‌فره‌زه‌کانی بنکه‌ی پۆلیسی سه‌را، به‌سه‌رپه‌رشتی به‌رێز به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لێکۆڵینه‌وه‌کانیان ده‌ستپێکردو توانیان له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا تۆمه‌تباره‌که‌ ده‌ستگیربکه‌ن‌و پاره‌که‌ش بۆ خاوه‌نه‌که‌ی بگه‌ڕێندرێته‌وه‌.

له‌ئێستادا ئه‌و تۆمه‌تباره‌ی پاره‌که‌ی له‌و هاوڵاتییه‌ وه‌رگرتووه‌ به‌بڕیاری دادوه‌ر به‌نده‌و لێکۆڵینه‌وه‌کان له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وامه‌.