کۆبونه‌وه‌ى ڕاوێژکارى نیشتمانى له‌کۆشکى سه‌لام ئه‌نجام درا

شوبات 27, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌سه‌ر بانگهێشتى سه‌رۆک کۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27-2- 2019 له‌کۆشکى سه‌لام له‌به‌غدا یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ى ڕاوێژکارى نیشتمانى ئه‌نجام درا.

ووته‌بێژى سه‌رۆکایه‌تى کۆمار لوقمان فه‌یلى ڕایگه‌یاند: کۆبوونه‌وه‌که‌ باسى له‌بارودۆخى وڵات و گۆڕانکارییه‌ ئه‌منى وسیاسییه‌کان و دوا پێشهاته‌کانى جه‌نگى دژى تیرۆر و هه‌ڵوێسته‌کانى تایبه‌ت به‌ بونى هێزى بیانى له‌ ‌عێراق و ڕاده‌ى جێبه‌جێکردنى کارنامه‌ى حکومه‌ت و کارکردن بۆ وه‌لانانى گرفت وناکۆکییه‌کان کرد.

هه‌روه‌ها فه‌یلى دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ به‌شداربووانى کۆبوونه‌وه‌که‌ پێداگریان له‌ ‌پێویستى گه‌ڵاله‌کردنى بۆچونێکى هه‌مه‌لایه‌ن کرد بۆ باشتر به‌ڕێوه‌بردنى وڵات و ده‌سته‌به‌رکردنى خۆشگوزه‌رانى و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێکى گونجاو بۆ نه‌هێشتنى به‌ربه‌سته‌کانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى دیموکراسى له‌عێراقدا ، هاوکات باس له‌دانانى ئه‌و یاسایانه‌ کرا که‌ ده‌بنه‌ مایه‌ى باشترکردنى ژیان و گوزه‌رانى هاووڵاتیان و په‌یوه‌ندى نێوان حکومه‌ت و په‌رله‌مان.

ووته‌بێژى سه‌رۆکایه‌تى کۆمار ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که‌ سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح به‌شداربووانى له‌ئه‌نجامى کۆنگره‌ى لوتکه‌ى عه‌ره‌بى و ئه‌وروپى له‌ ‌میسر و سه‌ردانه‌که‌ى بۆ فه‌ره‌نسا بۆ ئاماده‌بووان روونکرده‌وه‌ .

هه‌روه‌ها فه‌یلى دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌ دورو درێژى باسى له‌گۆڕانکارییه‌کانى دۆخى ئه‌منى به‌تایبه‌تى ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان وئاماده‌کاریه‌کانى هێزه‌ ئه‌منیه‌کان له‌و باره‌یه‌وه‌ کرد،هه‌روه‌ها عه‌بدولمه‌هدى پلانى حکومه‌تى بۆ چاره‌سه‌رکردنى دۆسێى خزمه‌تگوزارییه‌کان بۆ ئاماده‌بووان ره‌ونکرده‌وه‌، هاوکات سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران محه‌مه‌د حه‌لبوسى گرنگترین دۆسێیه‌کانى باس کرد که‌ په‌رله‌مان له‌ ‌خولى داهاتوودا گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌کات و له‌هه‌فته‌ى داهاتوودا ده‌ست به‌کاره‌کانى ده‌کاته‌وه‌.

له‌درێژه‌ى لێدوانه‌که‌یدا ووته‌بێژى سه‌رۆکایه‌تى کۆمار جه‌ختى کرده‌وه‌، که‌به‌شداربووان تیشکیان خسته‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆکى کارنامه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ و ژماره‌یه‌ک پێشنیارى باشیان پێشکه‌شکرد و جه‌ختیان له‌ ‌پێویستى به‌رده‌وامى کۆبوونه‌وه‌کان بۆ نزیککردنه‌وه‌ى دید و بۆچونه‌کان بۆ نه‌هێشتن و که‌مکردنه‌وه‌ى ناکۆکى هێزه‌سیاسیه‌کان کرده‌وه‌، تاوه‌کو ببێته‌ هۆکارى چه‌سپاندنى پرنسیپه‌کانى دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى له‌ عێراقى فیدراڵدا.

هه‌روه‌ها فه‌یلى وتی:به‌شداربووان پێداگریان کرد له‌ په‌یڕه‌وکردنى سیاسه‌تى دورکه‌وتنه‌وه‌ له‌په‌یوه‌ست بوون به‌لایه‌نه‌ ده‌ره‌کییه‌کانه‌وه‌ و دورخستنه‌وه‌ى وڵات له‌ بارگرژى وململانێى ناوچه‌یى و جیهانى و عێراقیش بکرێته‌ گۆڕه‌پانێکى به‌یه‌کگه‌یشتنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان و له‌به‌رچاوگرتنى به‌رژه‌وه‌ندى گه‌لى عێراق وپاراستنى سه‌روه‌ریش بکرێته‌ ده‌سپێکى کارى سه‌رکرده‌کانى عێراق .

شایانى باسه‌ هه‌ر یه‌ک له‌ سه‌رۆکى (ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ،ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ،دادگاى باڵا، دادگاى فیدراڵى ) و سه‌رۆکى فراکسیۆن و پارته‌ سیاسییه‌کان و که‌سایه‌تیه‌ نیشتمانییه‌کان و نوێنه‌رانى پێکهاته‌کانى گه‌لى عێراق به‌شدارى کۆبوونه‌وه‌که‌ بوون.