مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

بۆ رێکخستنى کاروبارى ئیدارى و دارایى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى و سه‌رۆک فراکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مانى کۆبوونه‌وه‌

شوبات 27, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 27-2-2019، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ ئاماده‌بوونى منى نبى قادر، سکرتێرى په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ سه‌رۆک فراکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان کۆبۆوه‌.

له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له‌ پێکهێنانى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌کانى په‌رله‌مان و هه‌نگاوه‌کانى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان بۆ ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى چاکسازیکردن و باشتر رێکخستنه‌وه‌ى کاروبارى ئیداریى په‌رله‌مان و چه‌سپاندنى شه‌فافییه‌تى زیاترى کارى په‌رله‌مان و نه‌هێشتنى به‌ هه‌ده‌ردانى سامانى گشتى کرا و جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان رایگه‌یاند: "پاش ئه‌وه‌ى له‌ دانیشتنى رۆژى 18ى شوبات وه‌ک ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانى کوردستان له‌لایه‌ن زۆرینه‌ى په‌رله‌مانتاره‌ به‌ڕێزه‌کانى کوردستان متمانه‌مان پێدرا، له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سه‌رۆک و سکرتێرى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ستمان به‌گرتنه‌به‌رى ڕێوشوینى ئیداریى پێویست کرد بۆ شه‌فافییه‌تى زیاترى کارى په‌رله‌مان و هه‌رچى زیاتر باشتر ریکخستنه‌وه‌ى کاروبارى ئیداریى په‌رله‌مان و چه‌سپاندنى دادپه‌روه‌رى و شه‌فافییه‌تى زیاتر و نه‌هیشتنى به‌هه‌ده‌ردانى سامانى گشتى و ریکخستنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌کان".

وتیشی: "وه‌ک ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى ئێستاى په‌رله‌مان، له‌خۆمانه‌وه‌ ده‌ستمان پێکردو ئه‌و کراوه‌ییه‌ى له‌ده‌سه‌ڵاتى سه‌رفى دارایى و هاوکارییه‌ى که‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌یبووه‌ نه‌مانهێشتووه‌ و له‌ رۆژانى رابردوو له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م راوێژکاره‌کان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانى ناو په‌رله‌مان کۆبووینه‌ته‌وه‌و ئه‌م سیاسه‌ت و شێوه‌ى کاره‌مان بۆ روونکردوونه‌ته‌وه‌و رامانگه‌یاندووه‌ به‌رزکردنه‌وه‌ى پله‌ به‌میزاج و نایاسایى به‌ته‌واوه‌تى ره‌تده‌که‌ینه‌وه‌، دیارده‌ى واسته‌و واسته‌کاری، به‌هه‌ده‌ردانى بودجه‌و میزاجییه‌ت له‌ هاوکارى و ئیمتیازات به‌ ته‌واوه‌تى ره‌تده‌که‌ینه‌وه‌".

جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌وه‌شى راگه‌یاند: "له‌کۆبوونه‌وه‌ى رۆژى 27-2-2019، له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م سه‌رۆک فراکسیۆنه‌ به‌رێزه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان پێمان راگه‌یاندن که‌به‌بێ هیچ جیاوازییه‌ک بۆ کارى په‌رله‌مانتارى پره‌نسیپى دادپه‌وروه‌رى به‌رامبه‌ر سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاره‌ به‌رێزه‌کان ده‌گرینه‌ به‌ر، پێمان راگه‌یاندن به‌پێچه‌وانه‌ى خوله‌کانى دیکه‌ رێگه‌ناده‌ین له‌بودجه‌ى گشتى هاوکاریى بێ بنه‌ما به‌بیانووى جۆراوجۆر بۆ په‌رله‌مانتار خه‌رج بکرێت، رێگه‌ناده‌ین له‌سامانى گشتى بابه‌تى ئۆتۆمبێل کڕین رووبدات، له‌برى ئه‌وه‌ پێشنیارمان بۆ کردوون که‌ شه‌فافانه‌ مانگانه‌ برى 2%ى مووچه‌کانیان بخرێته‌ سندوقیک و په‌رله‌مانى کوردستانیش به‌هه‌مان بێ‌ هاوکاریى ئه‌و سندوقه‌ بێت بۆ حاڵه‌تى ته‌ندروستى و حاڵه‌تى له‌ناکاو و پێویستییان، ئه‌مه‌ش بۆ بنبڕکردنى به‌هه‌ده‌ردان و بڕیارى میزاجییانه‌، بۆ کاروبارى گواستنه‌وه‌و کارى رۆژانه‌ى په‌رله‌مانتاران و هاتووچۆى شارو شارۆچکه‌کان و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى هاووڵاتییان، پێمان راگه‌یاندن که‌چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ نه‌بن له‌ بودجه‌ى په‌رله‌مان ئۆتۆمبێل دابین بکرێت، له‌برى ئه‌وه‌ چه‌ند پیشنیارێکیان پێدراوه‌ که‌ به‌قیستى مانگانه‌ له‌ مووچه‌کانیان به‌ زه‌مانه‌تى په‌رله‌مان ئۆتۆمبێل بۆ خۆیان دابین بکه‌ن".

له‌کۆتایى قسه‌کانیشیدا جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان ووتی: "شێوازى کارى ئێمه‌ شه‌فافانه‌ به‌رده‌وامه‌ بۆئه‌وه‌ى په‌رله‌مانێکى به‌هێز و کراوه‌مان هه‌بێت، پرس و راوێژ به‌ فراکسیۆنه‌ به‌ڕێزه‌کان بۆ کاروبارى په‌رله‌مان و ئیداره‌دانى نه‌هجى ئێمه‌یه‌".