که‌رکوک ... کورد داواى چونه‌ ده‌ره‌وه‌ى سوپا ده‌کات و عێراقیش هێزه‌کانى رێکده‌خاته‌وه‌

شوبات 28, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


کورد نیگه‌رانه‌ له‌ بوونى هێزێکى زۆرى سوپاى عێراق له‌ نێو شارى که‌رکوک دا و داواى چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یان ده‌کات، به‌ڵام حکومه‌تى عێراق هیچ هه‌نگاوێکى بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌م خواسته‌ى کورد نه‌ناوه‌، ده‌یه‌وێت هێزه‌کانى له‌نێو ئه‌و شاره‌دا رێکبخاته‌وه‌.

ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى که‌رکوکى یه‌کێتى، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند"کورد نیگه‌رانه‌ له‌و هێزه‌ زۆره‌ى عێراق هێناویه‌ته‌ نێو شارى که‌رکوک، به‌تایبه‌ت بازگه‌ داده‌نێن و ده‌چنه‌ سه‌ر فه‌رمانگه‌ى حکومى."

وتیشى"به‌ هێزه‌ عێراقیه‌کانمان وتووه‌، خه‌ڵک له‌ مامه‌ڵه‌تان نارازى یه‌ و ئه‌مه‌ قه‌بوڵ ناکات."

بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى هێزه‌ عێراقیه‌کان و راده‌ستکردنى دۆخى ئه‌منى به‌ پۆلیسى محه‌لى، یه‌کێکه‌ له‌ داواکاریه‌کانى کورد له‌ حکومه‌تى عێراق بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ى دۆخى شاره‌که‌، به‌ڵام حکومه‌تى عێراق له‌برى بردنه‌ ده‌ره‌وه‌یان، سه‌رجه‌م هێزه‌کانى له‌ژێر چه‌ترى ژوورى ئۆپه‌راسیۆنه‌کاندا رێکخستۆته‌وه‌.

حه‌سه‌ن جیهاد وته‌بێژى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند"سه‌رۆک ئه‌رکانى عێراق، پێیوتوون که‌ بوونى ئه‌و هه‌موو هێزه‌ له‌نێو که‌رکوکدا پێویست نیه‌."

وتیشى"نه‌کشانه‌وه‌ى هێزه‌ عێراقیه‌کان له‌ که‌رکوک، له‌کاتێکدا بوونیان پێویست نیه‌، جێى سه‌رسوڕمانه‌."

به‌شێک له‌ به‌رپرسانى کورد، پێیانوایه‌ هێشتنه‌وه‌ى ئه‌و هێزه‌ زۆره‌ى عێراق له‌ که‌رکوک بۆ سه‌رقاڵ کردنیانه‌، چونکه‌ حکومه‌تى عێراق نایه‌وێت به‌ کێشانه‌وه‌یان بۆ به‌غدا گرفت بۆ خۆى دروست بکات.

 


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا