پۆلیسی سلێمانی ئاماری کارو چالاکییه‌کانی‌و ده‌ستگیرکردنی ژماره‌یه‌ک تۆمه‌تبار راده‌گه‌یه‌نێت

شوبات 28, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا که‌ ئه‌مرۆ 28/2/2019 به‌رێوه‌چو، نه‌قیب سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د به‌رێوه‌به‌ری به‌شی راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماری کارو چالاکییه‌کانی رۆژی 10/2/2019 تا 27/2/2019 راگه‌یاند.

نه‌قیب سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د ئاماری کارو چالاکییه‌کانی به‌مشێوه‌یه‌ خسته‌رو:

1- پاش ئه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر سێ تۆمه‌تبار کۆکرایه‌وه‌ له‌لایه‌ن بنکه‌ی پۆلیسی سه‌رچناره‌وه‌ که‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر به‌کارده‌هێنن‌و بازرگانی پێوه‌ ده‌که‌ن، بنکه‌ی پۆلیسی ناوبراو به‌بریای به‌رێز دادوه‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ توانیان ئه‌و سێ تۆمه‌تباره‌ ده‌ستگیر بکه‌ن که‌ یه‌کێکیان ئافره‌ته‌، دوای پشکنینی ماڵه‌کانیان ده‌ستگیرا به‌سه‌ر چوار کیسه‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌جۆری کریستاڵ‌و دو پارچه‌ هیرۆین له‌گه‌ڵ یه‌ک شوشه‌ تێکه‌ڵه‌. تۆمه‌تباران دانیانناوه‌ به‌تاوانه‌که‌یاندا له‌به‌رده‌م دادوه‌ری لێکۆڵینه‌وه‌و به‌ندن به‌پێی ماده‌ی 14ی مخدرات. په‌راوه‌که‌یان هه‌واڵه‌ی ئاسایشی سلێمانی / هۆبه‌ی ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان کراوه‌.

2- بنکه‌ی پۆلیسی دادگا له‌کاتی پشکنینی دو ئافره‌ت که‌ سه‌ردانی دادگایان کردبو، بڕی 10 گرام ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌جۆری کریستاڵیان پێ گیراوه‌، هه‌ردو تۆمه‌تباره‌که‌ ڕاده‌ستی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی / هۆبه‌ی ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان کران.

 

3- تۆمه‌تبارێک که‌ پێشتر سزادراوه‌، له‌سنوری ناحیه‌ی بازیان ده‌ستگیر کرا که‌ بری 60 گرام کریستاڵی پێبووه‌و له‌لایه‌ن به‌شی پۆلیسی سه‌یدسادق/بنکه‌ی پۆلیسی حه‌ساره‌وه‌ ده‌ستگیرکراوه‌. تۆمه‌تباره‌که‌ به‌مه‌به‌ستی فرۆشتنی ئه‌و ماده‌یه‌ له‌که‌رکوکه‌وه‌ هاتۆته‌ سلێمانی.

4- بنکه‌ی پۆلیسی وارماوه‌ ھه‌شت تۆمه‌تباریان ده‌ستگیرکردووه‌ که‌ وه‌ک باندێکی دزیکردن له‌بازیان‌و پیره‌مه‌گرون‌و تاسڵوجه‌و شاره‌زور ئاژه‌ڵێکی زۆری هاوڵاتیانیان دزیبو، چه‌ند سکاڵایه‌کیان له‌دژ تۆمارکراوه‌، به‌پێی دانپێدانانی خۆیان له‌و شوێنانه‌ی سه‌ره‌وه‌ دزیان ئه‌نجامداوه‌، که‌ له‌م بانده‌دا دو ئافره‌ت هه‌یه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌یاندا به‌رده‌وامه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و که‌سه‌ی ئاژه‌ڵه‌ دزراوه‌کانی لێکڕیون‌و ئه‌و ئوتومبیله‌ی دزییه‌که‌ی پێکراوه‌ ده‌ستیبه‌سه‌ردا گیراوه‌و کریاره‌که‌ش به‌نده‌ به‌بریاری دادوه‌ر به‌پێی ماده‌ی 443 له‌یاسای سزادانی عێراقی.

5- له‌به‌رواری 11-2-2019 بۆ 25-2-2019 له‌لایه‌ن هێزه‌کانی به‌شی نه‌هێشتنی تاوانه‌وه‌ 40 تۆمه‌تبار ده‌ستگیرکراون به‌هۆی تاوانه‌کانی دزیکردن له‌ماڵان‌و دزینی ئوتومبیل‌و موبایل‌و بڕینی گیرفانی هاوڵاتیان‌و جانتای ژنان که‌ له‌لایه‌ن سێ ئافرته‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌.

6- هێزی تایبه‌تی باره‌گای سه‌ر به‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی سلێمانی له‌ئه‌نجامی دانانی بازگه‌و پشکنینی ئوتومبیل ده‌ستیانگرتووه‌ به‌سه‌ر 9 ده‌مانچه‌و یه‌ک کڵاشینکۆف‌و یه‌ک تاپڕو 48 چه‌قۆی جۆراوجۆرو خاوه‌نی چه‌که‌که‌کان روبه‌روی دادگا کراونه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌ر له‌لایه‌ن هێزی تایبه‌تی باره‌گاوه‌ 174 له‌زگه‌ی جامی ره‌شی ئوتومبیل‌و 335 په‌رده‌ لێکراوه‌ته‌وه‌و 3 تۆمه‌تباریشیان ده‌ستگیرکردووه‌ به‌تۆمه‌تی بڕینه‌وه‌ی دره‌ختی سه‌ر شه‌قامه‌کان‌و دواتر راده‌ستی پۆلیسی دارستان کراون.

 

7- ده‌ستگیرکردنی تۆمه‌تبارێک که‌ له‌ناو سه‌رچنار ته‌قه‌ی له‌چه‌ند یانه‌یه‌کی شه‌وانه‌ کردبو توانرا هه‌ر له‌و سنوره‌ ده‌ستگیربکرێت‌و ده‌ست به‌سه‌ر چه‌که‌که‌یدا بگیرێت.

8- له‌هه‌فته‌ی رابردودا بنکه‌ی پۆلیسی به‌ختیاری هاککه‌رێکی ترسناکی ده‌ستگیرکرد‌و بنکه‌ی پۆلیسی ئازادی-یش دو تۆمه‌تباری ده‌ستگیرکرد که‌ ده‌ستدرێژیان کردبووه‌ سه‌ر کچه‌ خوێندکارێکی 18 ساڵ.


9- به‌شی پۆلیسی فریاکه‌وتن ئه‌م چالاکیانه‌ی ئه‌نجامداوه‌:
319 حاڵه‌تی به‌هاناوه‌چونی هاوڵاتیان.
6 چه‌کی جۆری ده‌مانچه‌ ده‌ستیبه‌سه‌رداگیراوه‌.
6 فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنیان جێبه‌جێکردووه‌.ش