په‌رله‌مانى کوردستان کۆبۆوه‌

ئازار 01, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


کاتژمێر 10ى به‌یانیى ئه‌مڕۆ 1-3-2019 به‌سه‌رۆکایه‌تیى د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان و هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان و مونا قه‌هوه‌چی، سکرتێرى په‌رله‌مان، به‌ئاماده‌بوونى عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود سه‌رۆکى فراکسیۆنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان دانیشتنى کردنه‌وه‌ى خولى به‌هاره‌ له‌ساڵى یه‌که‌می خولى پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.

به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ له‌ سێ خاڵ پێکهاتبوو خاڵى یه‌که‌م بریتى بوو له‌ ده‌قیقه‌یه‌ک وه‌ستان به‌بێده‌نگى بۆ رێزلێنان له‌گیانى پاکى شه‌هیدانى کوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ مارشى نه‌ته‌وه‌یى و خاڵى دووه‌میش بریتى بوو له‌ کردنه‌وه‌ى خولى به‌هاره‌ له‌ساڵى یه‌که‌می خولى پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردن و خاڵى سێیه‌م و کۆتاییش بریتى بوو له‌ وتارى سه‌رۆکى په‌رله‌مان.

سه‌ره‌تا سه‌رۆکى په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ خوێنده‌وه‌ و به‌پێى خاڵى یه‌که‌م په‌رله‌مانتاران له‌گه‌ڵ مارشى نه‌ته‌وه‌یى ده‌قیقه‌یه‌ک به‌بێده‌نگى وه‌ستان بۆ رێزلێنان له‌گیانى پاکى شه‌هیدانى کوردستان و عێراق.

دواتر سکرتێرى په‌رله‌مان کۆنووسى دانیشتنى پێشوو و ناوى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى خوێنده‌وه‌ که‌ له‌ دانیشتنى پێشوو ئاماده‌نه‌بوون و یان مۆڵه‌ت بوون، هه‌روه‌ها ناوى ئه‌و ئه‌ندامانه‌شى خوێنده‌وه‌ که‌ بۆ دانیشتنى ئه‌مڕۆ مۆڵه‌تیان وه‌رگرتبوو.



پاشان سه‌رۆکى په‌رله‌مان کردنه‌وه‌ى خولى به‌هاره‌ له‌ساڵى یه‌که‌می خولى پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردنى راگه‌یاند.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌دا، سه‌رۆکى په‌رله‌مان له‌باره‌ى کردنه‌وه‌ى خولى به‌هاره‌ وتارێکى پێشکه‌شکرد و تیایدا رایگه‌یاند: "پیرۆزبایى له‌خۆمان و گه‌له‌که‌مان ده‌که‌ین به‌بۆنه‌ى کردنه‌وه‌ى خولى یاسادانانى به‌هاره‌و هه‌وڵده‌ده‌ین له‌و خوله‌دا پڕۆژه‌ و پێشنیازه‌کانى په‌یوه‌ست به‌ژیانى خه‌ڵکی، به‌چاکسازى و رێکخستنه‌وه‌و کاراکردنه‌وه‌ى ده‌زگاکانى میرى ببنه‌ ئه‌وله‌وییه‌ت و کارى له‌پێشینه‌".

سه‌رۆکى په‌رله‌مان راشیگه‌یاند: "بۆیه‌ داوا له‌سه‌رجه‌م فراکسیۆن و پێکهاته‌کانى ناو په‌رله‌مان ده‌که‌ین به‌گیانى هه‌ستکردنى نه‌ته‌وایه‌تى و نیشتیمانییه‌وه‌ کاربکه‌ن بۆ پێکه‌وه‌ سازان و کارکردن، به‌تایبه‌تى له‌سه‌ر ئه‌و پرس و یاسایانه‌ى که‌ ره‌هه‌ندى نیشتیمانییان هه‌یه‌، وه‌کو سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانى کوردستانیش ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین رۆڵى خۆمان بێلایه‌نانه‌ وه‌ک راوێژکار و لێکنزیککردنه‌وه‌ى لایه‌ن و فراکسیۆنه‌کان بۆ گه‌یشتنه‌ رێککه‌وتن و سازان کار ده‌که‌ین".

سه‌رۆکى په‌رله‌مان گووتیشی: "ئه‌م خولى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانه‌ بۆته‌ جێى ئومێدى خه‌ڵک و بۆیه‌ هیوادارین هه‌موومان پێکه‌وه‌ له‌ئاست ئه‌و ئومێده‌دابین".
له‌درێژه‌ى وتاره‌که‌شیدا، سه‌رۆکى په‌ره‌له‌مان ئه‌وه‌ى خسته‌روو که‌ له‌م خوله‌ى په‌رله‌ماندا مه‌بده‌ئى کارى پێکه‌وه‌یى و چاکسازى له‌سه‌رجه‌م داموده‌زگاکانى هه‌رێم ده‌خه‌ینه‌ پێشه‌وه‌ى کارى په‌رله‌مانى و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان هه‌ر له‌ئێستاوه‌ پرۆسه‌ى چاکسازیى به‌هاوکاریى فراکسیۆنه‌کانى ناو په‌رله‌مان ده‌ستپێکردووه‌و هیواداریشین سه‌رجه‌م فراکسیۆنه‌کانى دیکه‌ش هاوکاریى پرۆسه‌که‌ بن.
دواى ته‌واوبوونى وتارى سه‌رۆکى په‌رله‌مان، دانیشتنى کردنه‌وه‌ى خولى به‌هاره‌ له‌ساڵى یه‌که‌م خولى پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردن کۆتایى هات.