سلێمانى ... دایه‌نگه‌یه‌ک مۆڵه‌تى کارکردنى لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌

ئازار 01, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌ پێی فه‌رمانی کارگێڕی، ژماره‌ (1067)ی رۆژی 28ی 2ی 2019، پاش سه‌ردانکردنی لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی و به‌دواداچوونی دایه‌نگه‌کان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاودێری و که‌شه‌پێدانی کۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی بڕیاریدا مۆڵه‌تی کارکردن له‌ دایه‌نگه‌ی (له‌رین)ی ناحکومی له‌ گه‌ڕه‌کی (قڕگه‌)ی شاری سلێمانی وه‌رگرێته‌وه‌.

وه‌ک له‌ نووسراوه‌که‌دا هاتووه‌، وه‌رگرتنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی کارکردن له‌ دایه‌نگه‌که‌ پاڵپشته‌ به‌ بڕگه‌ی (1) له‌ مادده‌ی (14)ی ڕێنمایی دایه‌نگه‌کان، ژماره‌ (1)ی ساڵی (2015)، و به‌هۆی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌:

1- دایه‌نگه‌که‌ دوو سزای (ئاگادارکردنه‌وه‌)ی هه‌بووه‌ به‌ ژماره‌ (١٩٢٢) له‌ ٢٨ی ٨ی ٢٠١٦ و ژماره‌ (٣٠٧١) له‌ ٦ی ١١ی ٢٠١٧.

2- دوو جار نووسراوی پابه‌ندبوونی ئاراسته‌کراوه‌ به‌ ژماره‌ (١١٣٨) له‌ ٢٥ی ٤ی٢٠١٦ و ژماره‌ (٢٤٥٥) له‌ ٧ی ٨ی ٢٠١٧.

 

3- سزای وه‌رگرتنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی کارکردن و داخستنی دایه‌نگه‌که‌ پاش سه‌ردانی لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی و به‌دواداچوونی دایه‌نگه‌کان ده‌رچووه‌ له‌ ڕۆژی ٢٦ی ٢ی ٢٠١٩.

هه‌ربۆیه‌ دایک و باوکی منداڵانی ئه‌و دایه‌نگه‌یه‌ ئاگادارده‌که‌ینه‌وه‌ منداڵه‌کانیان بگوازنه‌وه‌ بۆ دایه‌نگه‌یه‌کی تر، چونکه‌ ئه‌و دایه‌نگه‌یه‌ مافی کارکردنی نابێت له‌ به‌رواری ده‌رچوونی ئه‌و فه‌رمانه‌وه‌.

ڕاگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ پارێزگای سلێمانی
٢٨ی ٢ی ٢٠١٩