به‌ختیار که‌ریم : پارتى داواى له‌حزبى سۆسیالیست کردووه‌ به‌شداریى حکومه‌ت بکات

ئازار 05, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


وته‌بێژى حیزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان رایگه‌یاند : له‌ کۆبوونه‌وه‌ى وه‌فدى باڵاى مه‌کته‌بى سیاسى پارتىدیموکراتى کوردستان و حزبى سۆسیالیستدیموکراتى کوردستان پارتى داواى له‌ سۆسیالیست کردووه‌به‌شداریى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بکات .

به‌ختیار که‌ریم وته‌بێژى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان به‌ جه‌ماوه‌رنیوزى ڕاگه‌یاند: "له‌ کۆبوونه‌وه‌ى 12-2-2019 که‌له‌شارى هه‌لێر له‌ نێوان هه‌ردوو مه‌کته‌بى سیاسى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان ئه‌نجامدار، پارتى داواى لێ کردین به‌شداریى کابینه‌ى 9ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ین."

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى که‌ حزبى سۆسیالیست به‌شداریى حکومه‌ت بکات، له‌ چ ‌ئاستێکدا پۆست وه‌رده‌گرێت،به‌ختیار که‌ریم ووتى : "له‌گه‌ڵ پارتى کۆبوونه‌وه‌که‌مان ڕاوێژکارى بوو، نه‌چوینه‌ته‌ ناو ورده‌کارییه‌کان له‌کاتى به‌شداریى حزبى سۆسیالیست چ ‌پۆستێک وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام لاى ئێمه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌شداریى پێکهێنانى حکوومه‌ت بکه‌ین".

وته‌بێژى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان وتیشی: "ئێستا ڕێکاره‌ یاسایییه‌کانى پێکهێنانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان یه‌ک هه‌نگاوى بڕیوه‌، ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستانه‌، بۆیه‌ هه‌رکاتێک ڕێکاره‌کان کۆتایییان هات و گه‌ڕێکى ترى دانوسانه‌کان ده‌ستى پێکرده‌وه‌، حزبى سۆسیالیست به‌رچاوى ڕوون ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌ نه‌خشه‌ى ئاینده‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌وکات له‌گه‌ڵ حزبى یه‌که‌مى پێکهێنه‌رى حکومه‌ت که‌ پارتییه‌ ده‌که‌وینه‌ گفتوگۆ و ده‌ڕۆینه‌ ناو ورده‌کارییه‌کان که‌ چۆن و به‌ چ ‌شێوه‌یه‌ک به‌شداریى حکومه‌ت ده‌که‌ین و کام پۆستمان به‌رده‌که‌وێت".