په‌یامى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ یادى ڕاپه‌ڕیندا

ئازار 05, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ بیست و هه‌شت ساڵه‌ى یادى ڕاپه‌ڕینى ئازارى 1991دا، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران په‌یامێکى بڵاو کرده‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى:

جه‌ماوه‌رى سه‌ربه‌رز و خۆڕاگرى کوردستان،

ئه‌مڕۆ بیست و هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ى ئازارى 1991دا تێده‌په‌ڕێت. به‌م بۆنه‌ شکۆداره‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایى له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و سه‌رجه‌م کوردستانیانى ئازیز به‌ هه‌موو پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییه‌کانییه‌وه‌ له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى کوردستان ده‌که‌ین.

ڕاپه‌ڕین که‌ ده‌نگ و ئیراده‌ى گه‌لى کوردستان بوو بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ى سته‌م و خۆسه‌پاندن به‌سه‌ر خواست و چاره‌نووسیدا، به‌ قوربانیدان و ماندووبوونى گه‌ل و به‌ یه‌کڕیزى و یه‌کگرتووییى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و سه‌رجه‌م پێکهاته‌ و چین و توێژه‌کانی، گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتنى مێژوویى بۆ گه‌له‌که‌مان تۆمار کرد. هه‌ر به‌و یه‌کڕیزى و گیانى خۆڕاگرییه‌ بوو که‌ له‌ پاش ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ تا ئێستا هه‌رێمى کوردستان چه‌ندین پیلانى شه‌ڕانگێزانه‌ى تیرۆریستان و ناحه‌زانى له‌ گۆێ‌ ناوه‌ و چه‌ندین ئاسته‌نگ و قه‌یرانى نه‌خوازراوى به‌ سه‌رکه‌وتوویى تێپه‌ڕاندووه‌.

کوردستانیانى ئازیز،

خه‌بات و خۆراگریى ئێوه‌ بۆ هێنانه‌دى ژیانێکى ئازاد و سه‌ربه‌رزانه‌ و دنیایه‌کى شارستانیى پێ‌ له‌ ئارامى و لێبورده‌یى و ئاشتى و خۆشگوزه‌رانى بووه‌. ژیانێک که‌ شایانى مێژووى دێرینى قوربانیدان و ماندووبوونى گه‌له‌ سته‌مدیده‌که‌مان بێت له‌ قۆناغه‌ جیاکانى خه‌بات و تێکۆشانى ئاشتیخوازانه‌یدا. خواسته‌ ڕه‌وا و ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌ عێراقى فیدراڵدا مافى سروشتى و دادپه‌روه‌رانه‌ى خۆیه‌تی. عێراقێکى سه‌قامگیر و گه‌لێکى خۆشگوزه‌ران زاده‌ى سیستمێکى ته‌ندروستى دیموکراسى و فیدراڵییه‌ که‌ تیایدا ده‌ستوور ڕێزلێگیراو بێت و هاوبه‌شیى ڕاسته‌قینه‌ و مافى ڕه‌واى هه‌موو پێکهاته‌کانى تێدا فه‌راهه‌م بێت.

کوردستانیانى خۆشه‌ویست،

حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان زاده‌ى ئیراده‌ى نیشتیمانیى گه‌لى کوردستانه‌ به‌ هه‌موو پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌کانییه‌وه‌ و یه‌کێکه‌ له‌ ده‌ستکه‌وته‌ به‌هاداره‌کانى ڕاپه‌ڕین، پاراستن و پته‌وکردنیشى ئه‌رک و به‌رپرسیارییه‌تیى سه‌رجه‌م لایه‌ن و چین و توێژه‌کانى گه‌له‌که‌مانه‌. ئه‌م ئه‌رکه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ر کاتێک زیاتر لێکگه‌یشتن و ته‌بایى و یه‌کڕیزیى زیاتر له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان ده‌خوازێت.

دڵنیاین هیممه‌تى دڵسۆزانه‌ و هه‌ستى به‌رپرسیارییه‌تیى لایه‌نه‌کان له‌ ئاستى ئه‌م ئه‌رکه‌ مێژووییه‌دا ده‌بن بۆ پاراستنى ده‌ستکه‌وته‌کانى ڕاپه‌ڕین و پته‌وترکردنى بنه‌ما و پایه‌کانى کوردستانێکى به‌هێز، وه‌ک وه‌فایه‌ک بۆ خوێنى شه‌هیده‌ قاره‌مانه‌کان و مێژووى پێ‌ له‌ قوربانى و سه‌روه‌ریى گه‌له‌که‌مان و له‌پێناو سه‌قامگیری، گه‌شه‌پێدانى هه‌رێمى کوردستان، ژیانێکى سه‌ربه‌رزانه‌، خۆشگوزه‌رانی، به‌ده‌ستهێنان و پاراستنى مافه‌کان بۆ کوردستانیان و ئاینده‌یه‌کى گه‌ش بۆ هه‌موو پێکهاته‌کانى کوردستان و نه‌وه‌کانى داهاتوومان.

به‌رز و شکۆدار بێت ساڵیادى ڕاپه‌ڕینى مه‌زنى ئازارى 1991.
دروود بۆ گیانى پاکى شه‌هیدانى ڕاپه‌ڕین و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى کوردستان.


ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان
5-3-2019