لیژنه‌ بۆ پاراستنى گه‌ڕه‌که‌ کۆنه‌کانى سلێمانى پێکده‌هێنرێت

ئازار 06, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌پێى به‌رنامه‌یه‌کى تایبه‌ت ته‌واوى خانووه‌ که‌له‌پورى و مێژووییه‌کانى گه‌ره‌که‌ کۆنه‌کانى سلێمانى له‌ روخان و گۆرینى هونه‌رى ته‌لارسازییان ده‌پارێزرێن.

له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کدا که‌ به‌ سه‌رپه‌رشتى ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى و مێژوونوس عه‌بدولڕه‌قیب یوسف و به‌شدارى به‌رێوبه‌رى ئاسایشى ناوشار و به‌رێوبه‌رى شوێنه‌وارى سلێمانى و نوێنه‌رى پۆلیس و شاره‌وانى سلێمانی، له‌دیوانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى به‌رێوه‌چوو، باس له‌ مه‌ترسییه‌کانى له‌ناوچوونى خانوو و گه‌ڕه‌که‌ کۆنه‌کانى سلێمانى کرا له‌ رووى که‌له‌پور و هونه‌رى ته‌لارسازییه‌وه‌.

دواى گفتوگۆى زۆر له‌سه‌ر لایه‌نه‌ خراپه‌کانى تێکچوونى ئه‌و گه‌ڕه‌کانه‌ و تواناکان بۆ رێگریکردن له‌ هه‌وڵى له‌ناوبردنیان و گرنگى مانه‌وه‌یان له‌ رووى که‌له‌پورى و شوێنه‌وارییه‌وه‌، بڕیار درا له‌ ماوه‌یه‌کى که‌مدا لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ت له‌ نوێنه‌رى (قائیمقامیه‌ت، شوێنه‌وار، شاره‌وانی، ئاسایش، پۆلیس) پێکبهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ى رۆژانه‌ چاودێرى پاراستن و تێکچوونى ئه‌و خانووه‌ کۆنانه‌ بکات.

هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا بڕیاردرا رێگه‌ بگیرێت له‌ دروستکردنى گه‌راجى ئۆتۆمبێل له‌و گه‌ره‌کانه‌ و مۆڵه‌ت به‌ هیچ که‌سێک نه‌درێت ئه‌و خانووه‌ که‌له‌پورییانه‌ بروخێنێت یان به‌ بێ‌ مۆڵه‌ت و چاودێرى شوێنه‌وارى سلێمانى نۆژه‌نیان بکاته‌وه‌. کاریش بکرێت بۆ جێبه‌جێکردنى ماسته‌رپلانى شارى سلێمانى که‌ به‌پێى ئه‌و ماسته‌رپلانه‌ ته‌واوى گه‌ڕه‌که‌ کۆنه‌کانى ناو شار وه‌کو خۆیان ده‌مێننه‌وه‌.

یه‌کێکیتر له‌ بڕیاره‌کانى کۆبونه‌وه‌که‌ ئه‌وه‌بوو که‌ کارى پێویست بکرێت بۆئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ رێکخراوى یوسنکۆدا دروستبکرێت و ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ کۆنانه‌ راده‌ستى ئه‌وان بکرێن بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌ بگرن له‌ ده‌ستکاریکردن و گۆرینى سیمایان.

دواى په‌سه‌ندکردنى کۆنوسى کۆبونه‌وه‌که‌ش له‌لایه‌ن پارێزگارى سلێمانییه‌وه‌ ته‌واوى بڕیار و رێنماییه‌کانى تایبه‌ت به‌ پاراستنى ئه‌و گه‌ڕه‌ک و خانوانه‌ گشتاندنى بۆ بکرێت بۆ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان. ئاماژه‌ به‌وه‌ش کرا که‌ پێشنیار بکرێت بۆ په‌رله‌مانى کوردستان که‌ بڕیار بدات له‌ هه‌رێمى کوردستان کار به‌ یاساى پاراستنى ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌کانى عیراق بکرێت.

پێشتریش له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌کانى داد و شاره‌وانییه‌وه‌ بڕیارى پاراستنى ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ کۆنانه‌ى سلێمانى درابوو، به‌ڵام زۆرێکى خانووه‌کانى ئه‌و گه‌ڕه‌کانه‌ له‌لایه‌ن هاولاِتیانه‌وه‌ یان سه‌رمایه‌داره‌کانه‌ تێکدراون و بۆ مه‌به‌ستى بازرگانى به‌کارهێنراون.