نێچیرڤان بارزانى و شاندێکى ئه‌ڵمانى پرۆسه‌ى سیاسی عێراق و کوردستان تاوتوێ ده‌که‌ن

ئازار 07, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7-3-2019 ، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ کریستیان پاک به‌ڕێوه‌به‌رى هه‌رێمیى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باکوورى ئافریکا له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا و شاندێکى یاوه‌رى کرد که‌ له‌ به‌ڕێزان باڵیۆزى ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق و کونسولى گشتیى ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمى کوردستان پێکهاتبوو.

له‌ دیدارێکدا پاک خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ربڕى و ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵک و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆر و حه‌واندنه‌وه‌ى ژماره‌یه‌کى زۆرى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پاراستنیان به‌رز نرخاند و به‌رده‌وامیى هاوکارییه‌کانى وڵاته‌که‌ى بۆ هه‌رێمى کوردستان و به‌ره‌وپێشبردنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ردوولاى دووپات کرده‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سوپاسى ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوکارییه‌ به‌رده‌وامه‌کانى ئه‌ڵمانیاى له‌ کاته‌ سه‌خته‌کاندا به‌تایبه‌تى هه‌ردوو بوارى مرۆیى و سه‌ربازیدا بۆ هه‌رێمى کوردستان کرد و ئاماده‌ییى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا، نیشان دا.

تاوتوێکردنى دۆخى ناوچه‌که‌ به‌گشتی، پێشهاته‌ ئه‌منییه‌کان، پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌کانى لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان له‌مباره‌یه‌وه‌ و چه‌ند بابه‌تێکى په‌یوه‌ست به‌ پرۆسه‌ى سیاسییه‌وه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان، لایه‌نێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌ بوو.